مادەکانی خواردنی بەیانیان

بەم نزیکانە رەزامەندی لەسەر زیادکردنی شیر و پەنیر لە بەشە خۆراکی مانگانە دەدرێت

فەهمی نەبی

وەزارەتی بازرگانی عێراق دەڵێت، زۆری نەماوە رەزامەندی بدرێت لەسەر دابەشکردنی شیری گەورەساڵان و پەنیر لە بەشەخۆراکی مانگانە.

ئەمڕۆ هەینی موسەنا جەبار وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی قسەیکردووە دەڵێت، بڕیاری دابەشکردنی پەنیر و شیر لەژێر رەزامەندی دایە، هاوکات ئەو پەنیر و شیرەی لە چوارچێوەی بەشەخۆراکی مانگانە دابەشدەکرێت هاوردە دەکرێت.

ئێستا مادەکانی بەشەخۆراکی مانگانە بریتین لە؛ برنج، دۆشاوی تەماتە، شەکر، رۆنی شل، نیسک یان فاسۆلیا، لەتکەنۆک و ئارد.

سەرەتای مانگی 10 پێشنیازی زیادکردنی چا، پەنیر، شیر و ئاردی سفر خراوەتە بەردەم وەزارەتی بازرگانی، بەڵام بەپێی قسەکانی وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی تەنیا دوو مادە لەژێر بڕیاری رەزامەندین.