لە دوزخورماتوو

هەر ماڵێک بە سەرپێچی هێڵی ئاوی راکێشا بێت 500 هەزار دینار سزا دەدرێت

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

فەرمانگەی ئاوی دوزخورماتوو بڕیاریداوە هەر ماڵێک هێڵی ئاوی بەسەرپێچی راکێشا بێت سزای بدات، لەیەکەم هەنگاودا 20 هێڵی ئاوی بڕیووە کە بەشێوەی سەرپێچی راکێشرابوون.

ئیسماعیل مستەفا بەڕێوبەری ئاو و ئاوەڕۆی دوزخورماتوو بە94ی وت، “هەندێک ماڵ لە دوزخورماتوو بە زەحمەت ئاویان پێدەگات، هۆکارەکەی راکێشانی ئاوە بەشێوەیەکی سەرپێچی، سەرجەم زێدەڕۆییەکان لادەدەین و هەر کەسێک هێڵی ئاوی بەسەرپێچی راکێشا بێت 500 هەزار دینار سزا دەدرێت”.

بەوتەی بەڕێوبەری ئاو و ئاوەڕۆی دوزخورماتوو، لەئەگەری دووبارەکردنەوەی سەرپێچییەکان سزاکە دەبێتە دوو هێندە واتا سزاکە دەبێتە یەک ملیۆن دینار.

لە ئاگادارییەکدا فەرمانگەی ئاوی دوزخورماتوو ئاگاداری هاووڵاتی قەزاکە دەكاتەوە، لەماوەی 10 رۆژدا هەموو ئەوانەی ئاویان بە سەرپێچی راکێشاوە سەردانی فەرمانگەی ئاوی قەزاکە بکەن بۆ ئەوەی مامەڵەی بەشداریکردنیان بۆ بکرێت، بەپێچەوانەوە سزایەکی 500 هەزاری چاوەڕێیانە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی