پێشتر وتبوویان بەشداری ناکەن

48 دەزگا و کتێبخانە دەچنە پێشانگای کتێب لە سلێمانی

پێشەوا محەمەد

ئەو 48 کتێبخانە و ناوەند و دەزگای چاپانەی پێشتر وتیان بەشداری پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب ناکەن لە راگەیەندراوێکدا دەڵێن بەشداری دەکەن و ئامادە دەبن.

لە راگەیەندراوێکدا ئەو دەزگایانە دەڵێن، لەگەڵ کۆمپانیای ئەتڵەس، کە رێکخەری پێشانگاکەیە رێککەوتوون ئەو داواکارییانەی هەیانە ئەگەر هەمووشی ئەمساڵ جێبەجێ نەکرێت، ئەوا ساڵی داهاتوو هەمووی جێبەجێ بکرێت و “ئەوەش دەبێت مەرجی بەشداریکردنمان لە خولەکانی داهاتوودا”.

پێشتر ئەو 48 کتێبخانە و دەزگا و ناوەندانە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایان کردبوو بەشداریی پێنجەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب ناکەن و داوایان کردبوو، ماوه‌ی پێشانگاكه‌ له‌ 10 رۆژه‌وه‌ بكرێته‌ 11، هەروەها كرێی پێشانگاكه‌ له‌ بری دۆلار دیناریان لێ وه‌ربگرن، کە بۆ هەر مەترێک ئەوان 70 دۆلاریان داناوە و ئەو ناوەندانەش وتوویانە با 100 هەزار دینار بێت، هه‌روه‌ها داواكاری ئه‌وه‌یان هه‌بوو ریكلام بۆ پێشانگاكه‌ بكرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی تێبینی كاره‌با و رووناكی و دابینكردنی گه‌راجی وه‌ستانی ئۆتۆمبێلیان هه‌بووه‌.

لە راگەیەندراوە نوێیەکەیاندا دەڵێن، “نامانەوێت پێشانگاکەی سلێمانی تێکبچێت و دەمانەوێت بە گرنگی بمێنێتەوە، هەروەها ژمارەیەکی زۆری خوێنەرەکانمان پەیوەندیمان پێوە دەکەن بەشداری بکەین”.

بڕیاره‌ له‌ رۆژانی 23.11.2023 تا 2.12.2023 پێنجه‌مین پێشانگای نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی بۆ كتێب به‌ڕێوه‌بچێت.