له‌ دوو قه‌زا پاسپۆرتى A ده‌مێنێت

دهۆک ده‌ستى به‌ سیستمى پاسپۆرتى ئه‌لیكترۆنى كرد

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

له‌ دهۆك وەرگرتنی مامەڵەی دەرکردنی پاسپۆرتی جۆرى  A راگیراوە و دەست بە سیستمى ده‌ركردنى پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی كرا.

یەکەمجاره‌ سیستمى پاسپۆرتى ئەلیکترۆنی له‌ دهۆك ده‌خرێته‌ كار و هاوڵاتیانیش دەتوانن لە رێگای ئەپلیکەیشنى تایبه‌ته‌وه‌ زانیارییەکان پڕ بکەنه‌وه‌.

سەعید ئیسماعیل ، بەرپرسی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی دهۆک بە 964ـى وت، ئێمە پاسپۆرتی A مان راگرتووە، ئێستا دەست بە مامەڵەی پاسپۆرتیB ی ئەلیکترۆنی دەکەین.

وتیشی، له‌ سیستمى پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی، هاوڵاتی لە رێگای ئەلپیکەیشن زانیاری پرده‌کەنه‌وه‌ و کات و رۆژی سەردانیان بۆ دیار دەکرێت، بەڵام “پێویستە کارتی بانک یان ماستەر کارتیان هەبێت چونکە لە رێگای بانکه‌وه‌ ده‌بێت بڕی 92 هەزار دینار بنێرن”.

ئاماژە بەوەش کرد ، ئەو هاوڵاتییانەی خوازیارن پاسپۆرتی  Aدەربهێنن، دەتوانن سەردانی نووسینگەکانی پاسپۆرتی قەزاکانى زاخۆ و ئاکرێ بکەن.

لە دیزاینی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنیدا “سیم کارت”ێک هەیە، کە لە پەڕەی یەکەمدایە و پەڕەکەش پلاستیکییە، هەروەها پەڕەکانی دیکەشی نەخشێندراوە و چەند تایبەتمەندییەکی پێدراوە.

بە قسەی بەرپرسی راگەیاندن، ئەو هاوڵاتیانەی کە لەم رێکەوتەی خوارەوە مامەڵەیان کردووە، بچن پاسپۆرتەکانیان وەربگرنەوە:

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای دهۆک: 27.7.2023

نووسینگەی پاسپۆرتی زاخۆ: 17.6,2023

نووسینگەی پاسپۆرتی ئاکرێ: 9.7.2023

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن