شارەوانیی سلێمانی - وێنە: شارەوانیی سلێمانی
دەبنەوە بە موڵکی شارەوانی؟
شارەوانیی سلێمانی هۆشداری دەداتە خاوەن خانووە زیادەڕۆکان
964+
پێشەوا محەمەد
شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەوانەی خانووی زیادەڕۆیان هەیە ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا مامەڵەی تاپۆکردنی ئەنجام نەدەن، ئەوا خاوەندارێتیی موڵکەکەیان بۆ شارەوانی دەگوێزرێتەوە.
زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، خاوەن خانووە زیادەڕۆکان بە سستی کاری مامەڵەکردن دەکەن.
وتیشی، “هۆکاری ئەو سستییەیان، ئەوەیە ناڕازین لەو نرخەی لە بەرامبەر تاپۆکردنی خانووەکانیان بۆیان دیاریکراوە و بە زۆری دەزانن”.
بە پێی بڕگەی دووی مادەی سێی یاسای ژمارەی 3ـی ساڵی 2019ـی یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی لە سنووری شارەوانییەکان زیادەڕۆییان کراوەتەسەر، هەر مەترێک زەوی لە ناوەندی پارێزگاکان لە کاتی تاپۆکردندان 15 بۆ 30 هەزار دینارە، لە ناوەندی قەزاکان 10 بۆ 15 هەزار دینارە و لە ناوەندی ناحیەکان پێنج تا هەشت هەزار دینارە.
بەڵام لە یاساکەدا هاتووە، ئەگەر هاتوو خاوەن خانووی زیادەڕۆ لە حکومەت سوودمەند ببوو، ئەوا نرخی 100%ـی نرخی زەوییەکەی لەوکاتەدا بۆ دەخەمڵێندرێت و لیژنەیەک بڕی پارەی تاپۆکردنی دیاریی دەکات.
“ئەگەر لە ماوەی ساڵێکدا مامەڵەی تاپۆکردنی خانووەکانیان نەکەن، بە پێی هەمان یاسا خانووەکانیان کە لەسەر موڵکی حکومەت دروستیان کردووە دەبێتەوە بە موڵکی شارەوانی”، ئەوەش قسەی زەردەشت رەفیقە.