سۆراغی نرخی نەوتی ماڵانمان کردووە

نرخی نەوتی ماڵان بەڕێژەیەکی زۆر بەرز بووەتەوە

964+

توانا نەقی

نرخی نەوتی ماڵان لە پارێزگاکانی هەرێم بەرزبووەتەوە و ئەو کەسانەشی لە بازاڕدا نەوت دەفرۆشن هۆکارەکەی بۆ کڕینی لەلایەن حکومەت و ناجێگیری بازاڕ دەگەڕێننەوە.

964 نرخی نەوت لە بازاڕەکانی سلێمانی و دهۆک و هەولێر وەرگرتووە و نرخەکان جیاوازی هەیە بۆ هەر بەرمیلێک لە بازاڕەکاندا.

ئەوەی هەیە لە سلێمانی و دهۆک نرخەکان بەربوونەتەوە و لە هەولێریش لەچاو پێشوودا تا رادەیەک دابەزیوە.

سالار محەمەد نەوتفرۆشە لە سلێمانی بە 964ـی وت، نرخی بەرمیلێک، نزیکەی 140 هەزارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 175 هەزار دینار، هاتنی وەرزی باران و ساردی کەش هۆکار نییە، بەڵکو حکومەت خۆی لە بازاڕەکاندا بە گران دەیکڕێتەوە بۆیە گران بووە.

ئەو نرخە لە دهۆک هەر فڕیوە و یونس عەبدوڵا نەوتفرۆش بۆ 964 وتی، نرخی 220 لیتر نەوت گەشتووەتە 200 هەزار دینار هۆکارەکەشی ئەوەیە کە حکومەت لە رێگەی بازرگانەکانەوە نەوتی بازاڕ دەکڕێتەوە.

هەرچی پارێزگای هەولێریشە، بەوتەی بیلال عوسمان کە نەوتفرۆشە و بە 964ـی وت، نرخەکە ئێستا 180 هەزار دینارە بۆ هەر بەرمیلێک، ئەم نرخە پێشتر دەگەیشتە 210 هەزار دینار، بەڵام دابەزیوە لەبەر ئەوەی هاوڵاتی دەڵێت حکومەت نەوت دابەش دەکات بۆیە نایکڕن.

وتیشی، حکومەت بەردەوامە لە کڕینی نەوت بەتایبەت لە رێگەی بۆرسەوە، بۆیە نرخەکان تا رادەیەک جێگیر نییە لە بازاڕدا.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت، تەنیا ئەمساڵ نەوتی سپی دراوە بە زیاتر لە 200 هەزار ماڵ و زیاتر لە 40 ملیۆن لیتر نەوت دابەشکراوە.

نزیکەی 204 هەزار خێزان نەوتیان وەرگرت

نزیکەی 204 هەزار خێزان نەوتیان وەرگرت