هۆکار چییە؟

خەڵکی گوندێکی بەردەڕەش قوتابخانە جێدەهێڵن

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

لە گوندی دربێسانی بچووک، لە سنووری قەزای بەردەڕەش بەهۆی نەبوونی مامۆستا و نەبوونی هیچ هۆکارێکی گواستنەوە، قوتابیان قوتابخانەکان جێدەهێلن.

قوتابخانەکەی گوندی دربێسانی بچووک لە ساڵی 2009 نۆژەنکراوەتەوە، ئێستا تەنیا 23 قوتابی هەیە و قوتابخانەکە بنەڕەتییە، تەنیا تا پۆلی شەشی بنەڕەتی هەیە.

قوتابیانی ئەم خوێندنگەیە، لە دوای تەواوکردنی پۆلی شەشی بنەڕەتی، قوتابخانە جێدەهێلن و چیتر ناگەڕێنەوە، هۆکارەکەشی نەبوونی پۆلی زیاتر و نەبوونی مامۆستایە.

رەدوان حەسەن رەمەزان، باوکی یەکێک لە قوتابیەکانە، ئەو بە 964ـی وت، “من یەکێکم لەو باوکانەی کچەکەم قوتابخانەی جێهێشتووە، چونکە پۆلی حەوت نییە و هیچ هۆیەکی گواستنەوە نییە، بە راستی ئێستا دۆخەکە هی ئەوە نییە کچ بە پیادە بڕوات بۆ ناحیەی رۆڤیا بۆ قوتابخانە و زۆربەی خانەوادەکان داهاتیان زۆر نییە، بۆ ئەوەی مندالەکانیان بە پارە بنێرن بۆ دەرەوەی گوندەکە”.

عەبدولستار جەوهەر، بەڕێوەبەری قوتابخانەی دربستانی بچووک بە 964ـی وت، داوای مامۆستایان کردووە، بەڵام پەروەردە دەڵێت، ژمارەی قوتابییەکان کەمن و ناتوانن مامۆستای زیاتریان بۆ بنێرن.

“ئێمە تەنیا پێویستمان بە دوو مامۆستای عەرەبی و بیرکاری هەیە، من ئێستا وەک بەڕێوەبەر لەگەڵ 20 وانە دەڵێینەوە بەهۆی نەبوونی مامۆستا”، عەبدولستار جەوهەر وای وت.

مەهدی خەلیل، بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش بە 964ـی وت، قوتابخانەی دربێسانی بچووک داوا دەکەن دەوامی دووەم بکرێتەوە، بەڵام ئێمە مامۆستامان نییە دابینی بکەین بۆ قوتابخانەکە و هەروەها ناکرێت مامۆستایەک تایبەت بێت بە مادەیەک و مادەیەکی دیکە بڵیتەوە و ئاستی زانستی لەبەرچاو نەگیرێت.

گوندی دربێستانی بچووک دەکەوێتە سنووری ناحیەی رۆڤیا لە قەزای بەردەڕەش و نزیکەی 30 ماڵی لێیە.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر

مامۆستایان لە بری قوتابخانە چوون بۆ گردبوونەوە

مامۆستایان لە بری قوتابخانە چوون بۆ گردبوونەوە