دۆلار لەگەڵ خۆیدا زێڕو بەنزینشی گران کرد

+964

بەشی کوردی

هەڵکشانی دۆلار، لەگەڵ خۆیدا نرخی بەنزین و زێڕی بەرز کردەوە.

بەهای دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی، ماوەی سێ هەفتەیە لە هەڵکشانی بەردەوام دایە، دوێنێ دووشەممە نرخەکەی گەیشتە 158 هەزار، ئێوارەکەی بۆرسەکانی کوردستان و بەغدا لە 157 هەزارو 400 دینار داخرا.

لەگەڵ خۆیدا، نرخی زێڕیشی گران کردووە، میسقالێک زێڕی عەیار 21، ئێستا لە بازاڕەکانی کوردستان 395 هەزار دینارە، ئەمەش بەراورد بە 20 رۆژی رابردوو، بۆ هەر میسقالێک 10 هەزار دیناری هاتۆتە سەر، کە لە هەشتی ئەم مانگەدا نرخەکەی 385 هەزار دینار بوو.

هەر لەم ماوەیەدا، ئۆنسەی زێڕ، لە بازاڕەکانی جیهانیشدا هەڵکشانی بەخۆیەوە دیوە، نرخی یەک ئۆنسە لە هەزارو783 دۆلارەوە هەڵکشاوە بۆ هەزارو 796 دۆلار.

پێوەند بە بەنزین، بۆ هەر لیترێک پەنجا دینار گران بووە.

جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە +964ـی وت؛ گرانبوونی بەهای دۆلار، گرانبوونی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕی جیهانی و کەمبوونەوەی خستنەڕووی بەنزین بەهۆی سەری ساڵەوە، هۆکارن لە گرانبوونی نرخی بەنزین.

+964 دەانێت، نرخی هەر لیترێک بەنزینی سوپەر بە کۆ لە گۆڕەپانی سوتەمەنی هەولێر، هەزارو 170 تاوەکو 200 دینارە، هەروەها موحەسەن لەنێوان هەزارو 70 تا تاوەکو هەزارو 80 دینارەو بەنزینی نۆرماڵیش لەنێوان 940 بۆ 950 دینارە.