چاندنی داری کالیپتۆز لە شەقامی کۆرنیشی هەولێر. وێنە:ئەندازەی پارکەکانی هەولێر.
داری کالیپتۆزی لێ دەچێنن
کۆرنیشی هەولێر دەکرێتە پشتێنەیی سەوزایی
964+
فەهمی نەبی
ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بڕیاریداوە شەقامی کۆرنیشی هەولێر بکاتە پشتێنەیەکی سەوزایی و بە هەزاران داری کالیپتۆزی لێ دەچێنن.
شەقامی کۆرنیش دەکەوێتە رۆژئاوای شاری هەولێر، قەزای کەسنەزان و بنەسڵاوە بە سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری دەگەیەنێت، ماوەی چەند ساڵێک بوو هاوڵاتیان پاشماوەی کەرەستەی خانوو و زبڵیان لە قەراخی ئەو شەقامە فڕێ دەدا، بەڵام مانگی رابردوو خزمەتگوزاری ژینگە پارێزی هەولێر هەڵمەتێکی خاوێنکردنەوەی شەقامە دوور و درێژەکەی دەستپێکرد.
سەروەر وەیسی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە 964ی وت، “پێشووتر زبڵێکی زۆر لە قەراخی ئەو شەقامە فڕێدرابوو، بەڵام لە کەسنەزانەوە تا نزیکی شاری زەیتون سێ هەزار دارمان چاندووە و بڕیارە تا شەش هەزار دار بچێنین”.
بەپێی زانیارییەکان بڕیار بوو ساڵی 2007 شەقامی کۆرنیش بکرێت بە پشتێنەیی سەوزایی، بەڵام لەبەر ئەوەی چەند گەڕەکێک لە پشتەوەی ئەو شەقامە دروستکران پڕۆژەکە ئەنجام نەدرا.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دەڵێت، ئەو دارانەی لەو شەقامە دەچێندرێن، جۆری کالیپتۆزن و لە نەمامگەی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر رووێندراون.