بریندار هەیە

هێرش کرایە سەر بنکەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە چەمچەماڵ

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

ئێوارەی ئەمڕۆ لە دەوروبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە چەمچەماڵ دەنگی تەقەیەکی زۆر بیسترا، پەیامنێری 964 دەڵێت، چەند کەسێک هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی پۆلیس، پۆلیسێک وەڵامی چەکدارەکانی داوەتەوە و لە ئەنجامدا سێ چەکدارەکە بریندار بوون و بە دەستگیرکراوی براون بۆ نەخۆشخانە، ئەمە بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنی لە چەمچەماڵ.

بینای پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە شوێنێکی دیاری چەمچەماڵە دەکەوێتە نزیک قایمقامیەت و بینای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسەوە.

ئەو سەرچاوە ئەمنیەی چەمچەماڵ بە 964ی وت، ”چەکدارەکان هێرشیان بردووەتە سەر بنکەی پۆلیس، بۆیە ئەوانیش لێیان هاتوونەتە دەست”.

بەگوێرەی زانیاریەکانی 964 رووداوەکە لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بووە، سێ چەکدار پێشینەی کێشەیان لەگەڵ پۆلیسێکی ئەو بنکەیە هەبووە، ئێوارەی ئەمڕۆ چەکدارەکان هاتوونەتە بەردەم بنکەکە و دوای دەمەقاڵی تەقە کراوە، هەر سێ چەکدارەکە بریندار بوون.

د.شەریف رەحیم جێگری بەڕێوبەری تەندروستی چەمچەماڵ بۆ 964 دەڵێت، “سێ کەس بە برینداری هێنراون بۆ نەخۆشخانە و گوللە بەر دەست و قاچیان کەوتووە، تەمەنی ئەو کەسانە لەدایک بووی نێوان ساڵانی 1991 و 1998 بووە”.