خانەیەکی مۆدێرنیان بۆ دروستکراوە
بەساڵاچوانی هەولێر دەحەسێنەوە
964+
فەهمی نەبی
لە هەولێر خانەیەکی بەساڵاچوان کە بەشێوەیەکی مۆدێرن دروستکراوە لە قۆناغی کۆتاییدایە، بڕیارە بەمنزیکانە بکرێتەوە و بەساڵاچوان لێی بحەسێنەوە.
سابیر حسێن بەرپرسی راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بە 964ی وت، ئەو خانەیە گەورەترین و مۆدێرنترین خانەی بەساڵاچووان دەبێت و هەرچی پێداویستی هەیە تێیدایە.
ئەمڕۆ سێشەممە پارێزگاری هەولێر لەگەڵ شێخ باز کە دروستکەری سەنتەرەکەی بەشەکانیان بەسەرکردووەتەوە.
بڕیارە ناوی شوێنەکە “خانەی شێخ باز بەرزنجی بۆ چاودێری بە ساڵاچووان” بێت و هەموو پێداویستیەکانی تێیدا دەبێت، پارێزگای هەولێر دەڵێت، “لەسەر ستانداردی جیهانی دروستکراوە و موراعاتی سایکۆلۆژی بەساڵاچوان کراوە، شوێنی نوستن و خواردن و وەرزشکردن بەجۆرێکە کە هاوشێوەی نەبووە”.
بەرپرسی راگەیاندنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، ئامادەکردنی سەنتەرەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەکرێتەوە، لە دوای کردنەوەی سەنتەرەکە رادەستی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەکرێت و لە لایەن دروستکەری سەنتەرەکە پاڵپشتی دارایی دەکرێت.
لە پەیجی پارێزگای هەولێر بەم شێوەیە باسی خانەکە کراوە: له خانهی بهساڵاچوانی شێخ باز خزمهتگوزاری هاوچەشنی ماڵ پێشكهش به بهساڵاچوان دهكرێت و جێگهی نوستن و دابینكردنی خواردن و خواردنهوه و تهلهفزیۆن و شوێنی حهوانهوهیان بۆ دابینكراوه و له رووی مرۆییهوه ئهوانه له خۆ دهگرێت كه بههۆی بارودۆخی جیا جیاوه توانای كار و بژێوی و خهرجی .خۆیان نییه له خانهكه پشكنینیان بۆ دهكرێ و پێداویستی تهندروستیان بۆ دابیندهكرێت
شێخ باز بەرزنجی خاوەنی کۆمپانیای کارگروپە و یەکێکە لە خواپێداوە دیارەکان، تائێستا بە فەرمی ناوی خراوەتە پاڵ چەند پرۆژەیەکی گەورەی خێرخوازی مانگی سێی ئەمساڵ کاتێک سەرۆکی حکومەتی هەرێم نەخۆشخانەی دكتۆر سوبحی یەعقوبی بۆ منداڵان کردەوە سوپاسی شێخ بازی کرد کە ئەو نەخۆشخانەیەی دروستکردووە، ئەمڕۆش پارێزگاری هەولێر لەسەردانێکیدا ئامادە سازی ئەم خانە نوێیەی راگەیاند، کەسە نزیکەکانیشی دەڵێن زۆر کاری تری خێرخوازی دەکات و بەردەوام دەستی بە خەڵکی نەدار و خاوەن پێداویستی تایبەت و قوتابیانەوەیە، بەڵام وەک دەڵێن خۆی حەز ناکات ئەمەیان باس بکات.