گیراوانی چاکسازی گەورانی هەولێر داوای لێبوردنی گشتی دەکەن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

ژمارەیەک لە گیراوانی چاکسازی گەورانی هەولێر مانیان گرتووەو داوا دەکەن لێبووردنی گشتی ئەوانیش بگرێتەوە.

ئەوانەی مانیان گرتووە، وا تێگەیشتوون کە لێبووردنی گشتی ئەوان ناگرێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە هێشتا پەرلەمانی کوردستان یاسای لێبووردنی گشتی دەرنەکردووە، بۆیە دیار نیە کێن ئەو بەندیانەی یاسایەکە دەیانگرێتەوە.

ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە 964+ـی راگەیاند، ئەو کەسانەی کە مانیان گرتبوو ژمارەیان پێنج بۆ شەش کەس بوون و هەموویان بە مادەکانی بارزگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون و سزادراون.

964+ زانیاری ئەوەی دەستکەوتووە کە نزیکەی ٢٠٠ کەس لە چاکسازی گەورانی هەولێر، لەسەر بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە زینداندان.

موسلیح عومەر حەسۆ، بەرپرسی راگەیاندن لە چاکسازی گەورانی هەولێر بە 964+ـی وت، شەوی رابردوو کۆبوونەوە لەگەڵ زیندانییەکان کراوە و رەوشەکە ئاسایی بۆتەوە و زیندانییەکان مانگرتنیان شکاندووە.

لە هەرێمی کوردستان لە ساڵەکانی ٢٠٠٧، ٢٠١٣ و ٢٠١٧دا سێ جار یاسای لێبوردنی گشتی دەرکراوە، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش دەڵێت سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسایەکن بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا لێبوردنی گشتی دەربکرێت.

دواین جار لە رۆژی ١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧، پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی پەسەندکرا، بەپێی یاساکە ئه و کەسانەی بە سزای لەسێدارەدان سزادرابوون، سزاکەیان گۆڕا و کەمکرایەوە بۆ ١٥ ساڵ زیندانی، ئەم لێبوردنە گشتییە ئه و کەسانە ناگرێتەوە کە بە تاوانەکانی تیرۆر و کوشتنی ژنان و رۆژنامەنووسان تاوانبارن.