دەبێت بچن بۆ دهۆک
سەرسنگ و ئامێدی پزیشکی ددانیان نییە
964+
هیڤی دێوالی – ئامێدی
ماوەی ساڵێکە بەشی پزیشکی ددان لە نەخۆشخانەی ئازادی حکومی لە ناحیەی سەرسنگ داخراوە، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئامێدیش دەڵێت، لە قەزای ئامێدی کێشەی نەبوونی پزیشکی ددان هەیە.
محەمەد رێکانی هاوڵاتیەکی ناحیەی سەرسنگە بە 964ـی وت، “ساڵێکە پزیشکی ددانمان نییە، ئەگەر نەخۆش بکەوین دەبێت بچینە کلینیکەکانی تایبەت یان بچینە دهۆک بۆ چارەسەر، بۆیە داوا دەکەین ئەو کێشەیە هەرچی زووە چارەسەری بکەن”.
مەسعود بۆتی جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی ئامێدی بە 964ـی وت، کێشەی سەرەکییان نەبوونی پزیشکی ددانە، هەر بۆیە چەند ساڵێکە پزیشکی ددانیان دانەمەزراندوونە، ئەمەش کێشەی بۆ بەشی ددان لە هەموو ناوچەکان دروستکردووە.
وتیشی، ئێمە پزیشکی خۆبەخشمان هەبوو، بەڵام دوای ئەو بڕیارەی لە سەندیکای پزیشکانەوە دەرچوو کە پزیشکانی ددان دەتوانن کلینیک بکەنەوە و بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار بکەن، پێویست ناکات لە نەخۆشخانە حکومییەکان خۆبەخشانە کار بکەن.
ئاماژە بەوەشکرد، لە نەخۆشخانەی ئازادی لە ناحیەی سەرسنگ دوو پزیشکی ددان هەبوون، بەڵام یەکێکیان مۆڵەتی منداڵبوونی وەرگرتووە، ئەوەی تریان بۆ خوێندن چووەتە دەرەوەی وڵات، بۆیە ژووری پزیشکی ددان بۆ ماوەی ساڵێکە داخراوە.
بەقسەی جێگری بەرێوەبەری تەندروستی ئامێدی، لە ناوچەی ئامێدی تەنیا سێ پزیشکی ددان هەیە.
ناحیەی سەرسنگ سەربە قەزای ئامێدییە لە پارێزگای دهۆک، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 20 هەزار کەسە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی