کەس نەبووە نەخۆشێک چارەسەر بکات

بەهۆی نەبوونی پزیشک لیژنەی لێکۆڵینەوە لە نەخۆشخانەی دینارتە پێکهێنرا

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

نیوەڕۆی ئەمرۆ هاوڵاتیەک بەپەلە دەگەیێنرێتە بنکەی تەندروستی ناحیەی دینارتە لە ئاکرێ، کەسوکاری نەخۆشەکە دەڵێن، هیچ کەسێکی لێ نەبووە چارەسەری نەخۆشەکەیان بکات و تەندروستی ئاکرێش لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێناوە.

لیژنەکە بەیانی یەکشەممە بەدواداچوون بۆ راستی بابەتەکە دەکات و ئەنجامەکان رادەگەیێنن، ئەمە بەپێی لێدوانی بەرپرسانی تەندروستی ئاکرێ.

ئەو هاوڵاتیە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بۆ نەخۆشخانەکە دەگرێت و تیایدا دەلێت، “کەسی لێنییە و نەخۆشمان هەیە”.

زێبار غازی ئەو هاوڵاتیەی گرتە ڤیدیۆکەی گرتووە بە 964ـی وت، “کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ بوو، مامم بەهۆی پێوەدانی مێشهەنگەوە لەهۆش خۆی چوو، کاتێک بردمان بۆ بنکەی تەندروستی دینارتە، کەس نەهات بەدەمانەوە”.

964 پەیوەندیکرد بە د.ئەنەس عارف بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستی ناحیەی دینارتە بە وەکالەت ئەو وتی، “ئەمڕۆ لە دەوام نەبووم، بەڵام لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ تەندروستی ئاکرێ لیژنەیەکمان پێکهێناوە و بەڕێوەبەری ناحیەش ئاگادارە”.

سەربەست سەبری بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە بە 964ـی وت، بەهیچ شێوازیک ئەم حاڵەتەیان پێ قبووڵ نییە و هەر ئەمڕۆ لیژنەیەک بە سەرپەرشتی تەندروستی ئاکرێ پێکهێنراوە و سبەینێ یەکشەممە لیکۆڵینەوەی وورد لە بابەتەکە دەکەن و ئەنجامەکان رادەگەیێنن.

بەوتەی سەربەست سەبری دوای ئەوەی قسەیان لەگەڵ کارمەندانی بنکەکە کردووە وتویانە، ئەو کەسەی بەرپرس بووە لەچارەسەرکردنی ئەو کاتە نوێژی دەکرد، بەڵام لێکۆڵینەوە لەبابەتەکە دەکەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

تەندروستی ئاکرێ کێشەی نەبوونی پزیشکی تایبەتمەندی هەیە

تەندروستی ئاکرێ کێشەی نەبوونی پزیشکی تایبەتمەندی هەیە