35 چۆلەکەیان کوشتووە

سێ کەس لەناو باخێکی عەربەت چۆلەکەیان راو کردووە و دەستگیر کراون

پێشەوا محەمەد

دوێنێ شەو سێ کەس لەناو باخچەی نالی لە عەربەت چۆلەکە راو دەکەن، بەڵام پۆلیسی دارستان دەگاتە سەریان و دەستگیریان دەکەن.

رووداوەکە بە هەوڵی هاوڵاتییەک ئاشکرا بووە، کە بەڕێوەبەری ناحیەکەی ئاگادار کردووەتەوە لەو حاڵەتە و ئەویش پۆلیسی دارستانیان لێ ئاگادار دەکاتەوە و “بە فەرمانی دادوەر دەستگیر کراون”.

دابان محەمەد، بەڕێوەبەری ناحییەی عەربەت بە 964ـی راگەیاند، پێشتر دوو حاڵەتی تری هاوشێوە هەبووە لەناو باخچەکانی ناحییەکەدا.

وتیشی، “تا ئێستا زانیاریم پێنەگەیشتووە ئاخۆ ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە دانیشتووی ناو عەربەتن یان خەڵکی دەرەوەن”.

بەپێی ئەو وێنەیەی پەیجی بەڕێوەبەرایەتیی ناحییەی عەربەت بڵاویکردووەتەوە، پۆلیس دەستی بەسەر چەکێکی جۆری ساچمەزەن و 35 چۆلەکەی راوکراودا گرتووە.