بەڵام هاوەن و مەدفەعی نا
هەفتەیەکە فڕۆکەکانی تورکیا یەخەی رۆژئاوای کوردستانیان بەرداوە
964+
فەهمی نەبی
هەفتەیەکە تورکیا هێرشی فڕۆکەی نەکردووەتە سەر رۆژئاوای کوردستان، بەڵام هێرشەکانی بە چەکی مەدفەعی و تۆپ بەردەوامن.
سیامەند عەلی، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لەسەر تۆپبارانەکەی بە چەکی مەدفەعی و هاوەن، بەڵام ئەوە هەفتەیەکە هیچ هێرشێکی فڕۆکە تۆمارنەکردووە.
شەوی 12.10.2023 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان گەورەترین مەترسیە لەسەر ناوچەکە، بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا پرۆسەی لەناوبردنی داعش دوادەخات و ژیانی خەڵکی سڤیل دەخاتە مەترسیەوە.
لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا تورکیا 13 گوندی ناوچەکانی عەین عیسا و گرێ سپی تۆپباران کردووە، هاوکات ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کۆبانێ و هێڵی سادوور لە هەرێمی منبەج، لەناوچەی شەهبا کە ناوچەیەکی گرێدراوی عەفرینە لەگەڵ رێگای M4 و خواردنگەی نەخیل بۆردومان کراون.
رۆژی 4.10.2023 تورکیا لەرێگەی فڕۆکە و تۆپەوە دەستی نەپاراست لە ژێرخانی رۆژئاوای کوردستان و زیانێکی زۆری بە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە و کارەبای پێنج ملیۆن کەس گەیاند.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان رایگەیاندووە، لە ئەنجامی هێرشەکانی 15 رۆژی رابردوودا 580 شوێن کراونەتە ئامانج لەو ژمارەیە 104 شوێن بەتەواوی خاپورکراون.
بەهۆی هێرشەکانی تورکیا 44 کەس گیانیانلدەستداوە و 29یان لە هێزە ئەمنییەکان بوون، 55 کەسی دیکەش بریندار بوون.