بکوژ قاچاغچی چەکە

خێزانێک لە کرماشان قەتڵوعام کران

964+

بەهرە محەمەدئەمین

پیاوێک بە هۆی ناکۆکی تایبەتی خۆی لەگەڵ هاوکارەکەیدا، تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی بە چەک دەکوژێت.

دەنگی تەقە و دەسترێژێکی ترسێنەر لە شاری هەرسینی پارێزگای کرماشان خەڵکی گەڕەکی لە ماڵەکانیان هێناوەتە دەرەوە، پیاوێکیش بینراوە لەگەڵ هاتنە دەرەوە لە ماڵەکەیدا هەڵاتووە.

کاتێک دراوسێیەکان دەچنە ماڵی پیاوەکەوە، دیمەنێکی هەژێنەر دەبینن و دەردەکەوێت پیاوەکە دەستڕێژی لە هاوسەر و سێ منداڵەکەی کردووە و هەموویانی کوشتووە.
ئەم هەواڵە لە چەند میدیایەکی ئێرانی بڵاوبووەتەوە و هەندێکیان دەڵێن شەوی رابردوو بووە و هەندێکی دیکەش دەڵێن نیوەڕۆی ئەمڕۆ.

دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی پۆلیس بە خێرایی دەگەنە شوێنی رووداوەکە و جگە لەو چوار کەسە، تەرمی پیاوێکی گەنجیش لە ژێر زەمینی ماڵەکەدا دەدۆزنەوە، کە ئەویش دەستڕێژی لێکراوە.

دوای یەک کاتژمێر لە لیکۆڵینەوە، ئەبو تالب ئیتوەندی، قایمقامی هەرسین دۆزینەوەی تاوانبارە هەڵاتووەکەی راگەیاند.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، ئەم پیاوە دوای ئەوەی لە کڕین و فرۆشتنی نایاسایی چەک لەگەڵ شەریکەکەیدا بووەتە ناکۆکیان، کێشاویەتیە ژێر زەمینی ماڵەکەی و دەسترێژی لێکردووە.

کاتێک خێزانەکەی دژی دەوەستنەوە هەموو ئەندامانی خێزانەکەی کە دوو کچ و کوڕێک بوون لەگەڵ دایکیان، گولـلەباران دەکات.

پۆلیسی کرماشان رایگەیاندووە، تاوانبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لیکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی پاڵنەرەکانیشی بەردەوامە.

سێ ژن لە رۆژهەڵاتی کوردستان

سێ ژن لە رۆژهەڵاتی کوردستان "بە بیانووی شەرەف" کوژراون