مەرج هەیە

ماتۆڕسکیلەکانی دەربەندیخان مۆڵەتی لێخورینیان وەرگرت

هاوبەش ئەبوبەکر

قایمقامیەتی دەربەندیخان بە پێدانی باج رێگەپێدان بۆ ئەو ماتۆڕسکیلانە دەکات، کە کاری دلیڤەری دەکەن و بە وەرگرتنی ئەو باجە چیدیکە لە مەفرەزەکان دەستیان بەسەردا ناگیرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 16.10.2023، نزیکەی 20 ماتۆرسکیل باجی رێگەپێدانیان بۆ کرا و قایمقامیەتی قەزاکە چەند مەرجێکی بۆ داناون.

سلێمان سەعید، قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی راگەیاند، هەر ماتۆڕسوارێک کە کاری دلیڤەری دەکات و مۆڵەتەکەی پێدەدرێت، دەبێت لۆگۆی شوێنی کارکردنەکەی بدات لە ماتۆڕەکەی و سندوقێک لە دواوە دابنێت.

پێدانی باج بە ماتۆڕسوارەکانی دەربەندیخان بۆ ماوەیەکی دیاریکراوە و قایمقام دەڵێت، “هەرکەسێک پێویستی بە باج هەیە پێویستە زوو سەردانیان بکات تا بێبەش نەبن”.

لە رێکەوتی 5.10.2023، مۆڵەتی 10 رۆژ درایە ئەو خواردنگە و فرۆشگایانەی کە ماتۆڕسکیل بۆ کاری گواستنەوە بەکاردەهێنن، بۆئەوەی لە قایمقامیەت مۆڵەت دەربهێنن.

مەرجەکانی تۆمارکردنی ماتۆڕسکیل ئەمانەن:

خاوەن پرۆژەکە داواکاری پێشکەش بکات کە ئامادەکراوە و سەردانی پرسگەی قایمقامیەت بکات.

پێویستە ئەو ماتۆڕسکیلەی کە داوای تۆمارکردنی دەکات ژمارەی شانسی تەواو بێت و دەستکاری نەکرابێت و لە رێگەی یاسایی دەستخرابێت.

سەرجەم مەرجەکانی توندوتۆڵی و سەلامەتی تێدابێت و لۆگۆی شوێنکارەکەی پێوەبێت و لەلایەن لیژنەی بەڕادی هاتوچۆی دەربەندیخانەوە پشکنینی بۆ کرابێت.

پێویستە ئەو کەسەی کە ماتۆڕسکیلەکەی لێدەخوڕێت، مۆڵەتی شۆفێری هەبێت، یان تا رێکەوتی 1.12.2023 مۆڵەتی ماتۆڕسکیل دەربکات و مۆڵەتی شۆفێری دیکە کاری پێناکرێ.

پێویستە ئەو ماتۆڕسکیلە بۆ کاری پێویستی ئەو پرۆژەیە بەکاربێت و بەدەر لە سنووری کارە و کاتی نەگونجاو، کەوتە مەفرەزەکانەوە رێکاری توند بەرامبەر ماتۆڕسکیل و شۆفێرەکە و خاوەن پرۆژەکە دەگیرێتەبەر.

لە پاش ئەم رێکارانە، دۆسیەی تایبەت بە هەر ماتۆڕسکیلێک لە هاتوچۆی دەربەندیخان دەکرێتەوە و باجی رێگەپێدانیان لە قایمقامیەت بۆ دروست دەکرێت بۆ هاوکاریکردنیان لە مەفرەزەکاندا.

پێویستە ئەو کەسەی کە وەک شۆفێری ماتۆڕەکە تۆمارکراوە، تەنیا خۆی بەکاریبهێنێت و رێگەپێدراو نییە کەسانی دیکە بەکاریبهێنن و لەکاتی وازهێنانی ئەو کرێکارەش لە کارەکەی، پێویستە خاوەنی پرۆژەکە بە هەمان شێوە کرێکارە نوێیەکە بناسێنێت بە هاتوچۆی دەربەندیخان بۆ گرتنەبەری رێکاری تایبەت.