باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق
رۆژی دووشەممە لە پەرلەمانی عێراق چی روودەدات؟
964+
فەهمی نەبی
بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو هەریەکە لە وەزیرانی دارایی هەرێم و بەغدا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆببنەوە و دواتریش راپۆرتێک دەدرێتە سەرۆکایەتی پەرلەمان.
د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ 964 وتی، “ئەگەرچی رۆژی شەممە گوێمان لە وەزیری دارایی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی نەوت و لیژنەی دانوسانکاری عێراقی گرتووە، بەڵام گوێمان لە حکومەتی هەرێم نەگرتووە، رۆژی دووشەممە ئێمە گوێ لە قسەی حکومەتی هەرێم دەگرین”.
“لەسەر ئێمە پێویستە راپۆرتێک بدەینە سەرۆکایەتی پەرلەمان و هەموو ئەو راستیانە بنوسین کە گوێمان لێی دەبێت، ئەگەر ئەو رۆژە قسەکان تەواو بێت هەر رۆژە دەینێرین بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان” د.نەرمین مەعروف ئەمەی وت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی سەرۆکی هەردوو سەرۆکی حکومەتی هەرێم و عێراق، چەند بژاردەیەک هەبووە، بەڵام هێشتا ئەو بژاردانە نازانرێن چی بوونە.
د.نەرمین مەعروف ئەوەشی وت، “لەو دانیشتانەی کردوومانە لەو دوو رۆژە هەموان کۆکن لەسەر ئەوەی موچەی خەڵک چیدیکە هی ئەوە نییە دوابکەوێت، گەشبینم لەوەی هەفتەی داهاتوو ئەنجامی باش دەبینین”.