سالار ئازەری چالاکوانی شاری مەریوان. وێنە:سۆشیال میدیا.
پڵنگەکەی زاگرۆس لەناو گیراوەکانە
35 ژینگەپارێزی شاری مەریوان دەستگیرکران
964+
هێرۆ مەولودی
ئێوارەی یەکشەممە هێزە ئەمنییەکانی ئێران، 35 ئەندامی ژینگە پارێزی شاری مەریوانیان دەستگیرکردووە لەناویاندا سالار ئازەری هەیە ئەو لەرۆژهەڵاتی کوردستان وەک “پڵنگەکەی زاگرۆس” ناسراوە.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاندووە، ئەو چالاکوانانە کە ژمارەیان 35 ئەندامی ئەنجومەنی ژینگە پارێزی سەوزی چیا دەبێت ئێوارەی رۆژی 10ی ئەیلول دەستگیرکراون، یەکێک لەوانە سالار ئازەرییە، ئەو بەوە ناسراوە لە چیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر شوێنێک ئاگر هەبێت رۆڵێکی زۆری هەبووە لە کوژاندەوەی ئاگرەکە بۆیە نازناوی “پڵنگەکەی زاگرۆس”ی بۆ دانراوە.
ئەو رێکخراوە دەڵێت، “پێدەچێت دەستگیرکردنی ئەو چالاکوانانە پەیوەندی هەبێت بە نزیکبوونەوەی ساڵیادی ژینا ئەمینی”.
رێکخراوی هەنگاو ئەوەشی راگەیاندووە، “سەرجەم ئەو کەسانەی دەستگیرکراون، وێڕای دەستبەسەرداگرتنی موبایلەکانیان هاوکات بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە”.