پیکابێک 51 بەرخ و مەڕی کوشت
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ئۆتۆمبێلێکی پیکاب خۆی بە ناو ژمارەیەک ئاژەڵی شوانکارەیەکدا کێشا و 51 سەر بەرخ و مەڕی لێ مردارکردەوە، بەڵام بەڵێنی قەرەبووی یەک بە چواری پێداوە.
لە رێگای نێوان کەرکوک – قەزای دوبز و بە دیاریکراوی لە گوندی مەرعی، شوانکارەیەک بە دوای لەوەڕاندی ئاژەڵەکانی بووە و لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ناو گوندەکەی، ئۆتۆمبێلێکی پیکاب، خۆی کردووە بە ناو رانەمەڕەکەدا و 51 سەرمەڕی کوشتووە.
حەمودی تەمیمی، دانیشتووی گوندەکە بە 964ی وت، ئێوارەی هەینی رووداوەکە روویداوە و بەهۆیەوە 51 ئاژەڵ مرداربوونەتەوە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە و شوانکارەکە سەلامەت دەرچوون و هیچیان بەسەرنەهاتووە.
وتیشی، دەرکەوت هەردوو کەس لە هەمان هۆز و عەشیرەتن و خاوەن ئۆتۆمبێلەکە هەر لە شوێنی رووداوەکەدا بە خاوەن ئاژەڵەکانی وتووە، یەک بە چوار قەرەبووی دەکاتەوە، واتا 204 ئاژەڵ وەک قەرەبوو بۆ خاوەن ئاژەڵەکە دەکڕێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا