دیمەنی گەنمی جوتیاران لە یەکێک لە سایلۆکانی سلێمانی - وێنە: 964
کەمتر لە نیوەی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم نێردراوە
964+
پێشەوا محەمەد
لە 425 ملیار دیناری جوتیارانی هەرێم لەبری گەنمی ئەمساڵیان، 126 ملیار دیناری گەیشتووە و هۆکاری نەناردنەکەشی روون نییە. زانیارییەکان هی وەزارەتی بازرگانی هەرێمن.
ئەمساڵ حکومەتی عێراق بڕی 500 هەزار تۆن گەنمی بە 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک لە جوتیارانی هەرێم وەرگرت، بەڵام هێشتا رێژەیەکی کەمی جوتیاران پارەیان وەرگرتووە.
کاسترۆ مەعروف، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بەشێکی هۆکاری نەناردنی پارەکە کێشە و ململانێکانی نێوان هەرێم و بەغدایە و “ئەو پارەیەی گەیشتووە بەشە کەمەکەیە و پێویستە فشار بخرێتە سەر بەغدا بۆ ناردنی هەموو پارەکە”.
وتیشی، “پێیان نەوتووین ئاخۆ هۆکاری راستەقینەی نەناردنی ئەو پارەیە چییە، لە کاتێکدا وردە وردە وەرزی داچاندن و کڕینی سەماد دێت، بەڵام هێشتا جوتیارانی هەرێم پارەی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە”.
964 پەیوەندی بە هەریەکە لە نەرمین مەعروف و دارا سێکانیانی، پەرلەمانتارانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە کرد و رایانگەیاند، بەدواداچوونیان نەکردووە و ئاگاداری ئەو پرسە نین.