نەخۆشخانەیەکی سلێمانی: رۆژانە نزیکەی 250 منداڵ توشی سکچون و رشانەوە دەبن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

رۆژانە نزیکەی 600 کەس سەردانی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی دەکەن و لەو ژمارەیە 200 بۆ 250 توشبووی سکچوون و رشانەوە تۆماردەکرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە 5.9.2023، د. پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەدی منداڵان بە 964ـی راگەیاند، تاوەکو ئێستا بە فەرمی دوو توشبووی کۆلێرا لەنێو منداڵاندا تۆمارکراون، بەڵام بەدڵنیاییەوە لەنێو ئەوانەی کە وەک توشبووی سکچوون و رشانەوە دەستنیشانکراون، توشبووی کۆلێرا هەیە.

“بەشێک لەو کەسانەی سکچوون و رشانەوەیان هەیە، توشبووی کۆلێران و رەنگە ئێمە نەزانین، دەبێت بۆ دڵنیابوونەوە پشکنینەکان بنێرین بۆ بەغدا و لەوێ یەکلادەبێتەوە”، د. پشدەر عەبدوڵڵا وای وت.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی، 10 حاڵەتی کۆلێرا دەستنیشان کراون لە گەرمیانیش حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆلێرا گەیشتووەتە سێ کەس، سەرچاوە تەندروستییەکان دەڵێن، هۆکاری سەرەکی حاڵەتەکان ئاوی پیسە.