کێشەی مۆڵەتی شۆفێری 1400 کەس چارەسەر کرا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەفەرمی بەشی مۆڵەتی ئەلیکترۆنی لە هاتوچۆی هەڵەبجە کرایەوە و کێشەی وەرگرتنەوەی مۆڵەتی ئەو شۆفێرانە چارەسەر بوو کە زیاتر لە مانگێک بوو مۆڵەتەکانیان پێنەدەدرایەوە.

نزیکەی  1500 کەس، کە بەشێکیان مۆڵەتەکانیان نوێکردبووەوە و بەشێکیان تازە مۆڵەتیان دەرهێنابوو، لە چاوەڕوانی ئەم بڕیارە بوون و مۆڵەتەکانیان پێنەدەدرایەوە، لە ئەمڕۆوە پێیاندەدرێتەوە.

موقەدەم پشتیوان غەریب لە هاتوچۆی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداری کردبوون تا کردنەوەی بەشی مۆڵەتی ئەلیکترۆنی بە فەرمی لە پارێزگای هەڵەبجە، مۆڵەتەکان رادەستنەکەنەوە.

لەو ماوەیەدا، هاتوچۆی هەڵەبجە ناچار لەسەر کاغەز رێگەپێدانی بۆ بەشێک لەو کەسانە دەکرد کە مۆڵەتەکانیان بەسەردەچوو یان مۆڵەتیان دەردەکرد و پێیان نەدەدرایەوە، بۆ ئەوەی کاتێک کەوتنە مەفرەزەوە رێگەیان پێبدرێت، بەڵام ئەو کاغەزە لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێم کاری پێنەدەکرا و شوفێران تووشی گرفت دەبوون.

“داواکارین لە سەرجەم ئەو بەڕێزانەی کە مۆڵەتیان بە سستەمی نوێ و ئەلیکترۆنی دەرهێناوە، لە رۆژی یەکشەممە بەدواوە دەتوانن سەردانی بەشی مۆڵەتی شۆفێری لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەڵەبجە بکەن بە مەبەستی وەرگرتنەوەی مۆڵەتەکانیان”، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەڵەبجە وا دەڵێت.