لەبارەی دەنگۆکانەوە

سەرچاوەیەکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بۆ 964: جووڵەمان بە هێز نەکردووە

964+
ژووری هەواڵ

سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، ئاگاداری جووڵەپێکردنی هێز نین و هیچ فەرمانێکیان پێنەکراوە.

ئەو سەرچاوەیە رازی نەبوو ناوی بڵاوبکەینەوە، بەڵام پۆستێکی باڵای هەیە لە وەزارەتەکە.

لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی ڤیدیۆی هێزی پێشمەرگە و زێرەڤانی بڵاودەکرێتەوە کە بەڕێگاوەن، بەڵام 964 نەیتوانی مێژووی هیچ یەک لە ڤیدیۆکان پشتڕاست بکاتەوە.

لەلایەکی دیکە، کەمێک لەمەوبەر، یەکێکی دیکە لە بریندارەکانی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی کەرکوک لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، بە قسەی سەرچاوەیەک لە تەندروستی کەرکوک بۆ 964.

سەرچاوەکە وتی، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە پیاوە و ناوی ئارام مستەفایە.

بە گیان لەدەستدانی ئەو کەسە، ژمارەی کوژراوەکان بۆ دوو کەس بەرزبووەوە، 11 کەسی دیکەش بریندارن.

964 دەزانێت، لەو 11 بریندارە، حەوتیان وەکو کورد خۆیان ناساندووە و چوارەکەی دیکە وەکو عەرەب یان تورکمان.

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، بەشێک لە کوردەکانی کەرکوک خۆپیشاندانیان کرد و داوایان کرد ئەو خێمانە لاببرێت کە خۆپیشاندەرە عەرەب و تورکمانەکان چەند رۆژێکە لەبەردەم بینای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی كه‌ركوك هەڵیانداوە.

ئەو خێمانە بۆ ئەوە هەڵدراون کە رێگە بگرن لە راده‌ستكردنه‌وه‌ی بینای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی كه‌ركوك بە پارتی دیموکراتی کوردستان، كه‌ پێشتر باره‌گای خۆی بووه‌.