هێشتا هۆکاری تەقینەوەکە نادیارە

ژمارەی بریندارەکانی بازاڕی حەسیرەکە بەرزبووه‌وه‌

964+
هۆگر عەدنان

ژمارەی بریندارەکانی تەقینەوەکەی ئه‌مشه‌وی بازاری حەسیرەکەی شاری کەرکوک بەرزەوە بوو بۆ چوار بریندار و یەکێکیش گیانی لەدەست داوە.

کاتژمێر 7:30خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ لە نێو بازاڕی حەسیرەکە له‌ كه‌ركوك، ئۆتۆمبێلێک جۆری ئۆپڵ ئۆمیگا ژمارە کەرکوک تەقیەوە و بەو هۆیەوە کەسێک گیانی لە دەست دا، هه‌روه‌ها چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.

بە پێ وتەی سەرچاوەیەکی تایبەت لە بنکەی پۆلیسی ئازادی بۆ 964 کوڕ و باوکێک پیشەیان کاری ئاسنگەرییە، ئۆتۆمبێلەکەیان دەتەقێتەوە لە ئەنجام دا شۆفێرەکە کە باوکەکەیه‌، بە سەختی بریندار بووه‌، لەگەڵ سێ کەسی دیکەی نزیک رووداوەکە، هەروەها کوڕی شۆفێرەکە بە ناوی “ئەزەل ئەتیلا”، كه‌ تەمەنی 32 ساڵه‌، دەستبەجێ گیانی لە دەست دا، كه‌ ته‌رمه‌كه‌ی و هه‌روه‌ها بریندارەکانیش رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی کراون.

بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی تایبەت لە به‌شی نەهێشتنی تەقەمەنی بۆ 964، تا ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە یەکلایی نەبووه‌تەوە، كه‌ هۆكاره‌كه‌ی بوتڵی ئۆكسجین بووه‌ له‌ ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌، یان بوتڵی غازی تێدابووه‌، یان ئه‌وه‌تا به‌هۆی به‌نزین و كێشه‌ی ته‌كنیكی ئۆتۆمبێله‌كه‌ بووه‌، بۆیه‌ لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن .

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا