بێستانێکی خورما لە عێراق - وێنە: ئاژانسی هەواڵی عێرقی
"ئەمساڵ خورمای زیاتر هەناردە دەکرێت"
لەماوەی دوو ساڵدا سێ ملیۆن دار خورما لە عێراق زیادیکردووە
فەهمی نەبی
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند لەماوەی دوو ساڵدا سێ ملیۆن دار خورما زیادیکردووە بەمەش، ژمارەی دار خورماکان لە 17 ملیۆنەوە گەیشتووەتە زیاتر لە 20 ملیۆن دار خورما.
بەگوێرەی زانیاریەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، لەساڵی 1979 عێراق خاوەنی 32 ملیۆن داری خورما بووە، بەڵام دوای ساڵی 2003 و زۆربوونی ئاڵۆزی و شەڕ لە ناوچەکە ئەو ژمارەیە دابەزی بۆ 12 ملیۆن داری خورما.
ئەمڕۆ هەینی، بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق قسەیکردووە وتویەتی، ئەو پلانەی دانرابوو بۆ گەشەسەندنی زۆربوونی دار خورما سەرکەوتوو بووە و ئەمساڵ رێژەیەکی بەرزتر لە بەرهەمی خورما هەناردە دەکرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ ساڵی 2022، عێراق 600 هەزار تۆن خورمای هەناردەی دەرەوە کردووە.
عێراق لە ریزبەندی وڵاتان، چوارەم هەناردەکەری خورمایە لەسەر ئاستی جیهان، بەگوێرەی ئەو پۆلێنبەندییەی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ خورمای عێراق کردوویەتی لە عێراقدا 650 جۆری خورما دەستنیشانکراوە.