سەدان کەسی بێکار کردووە

حەوت ساڵە مەرزە لاوەکیەکانی هەرێم داخراون

964+

محەمەد عەلی – قەڵادزی

حەوت ساڵ دەبێت، دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم هەموو مەرزە لاوەکیەکان داخراون و هێشتا هیچ یەکێکیان نەکراونەتەوە، کاسبکارانی هەردوو مەرزی “قندۆڵ و قاسمەڕەش” لەسنوری قەزای پشدەر دەڵێن “ژمارەمان سەدان کەسە بەو هۆیەوە بێکار بووینە”.

ئومێد شەقسە کاسبکارێکی گوندی زەڵێیە، لەبارەی داخرانی مەرزەکە بە 964ی وت “پێشتر من لەمەرزی قاسمەڕەش بارخانەم هەبوو، جگە لەخۆم چەندان کەسی دیکە سودمەند بوون، بەڵام ماوەی حەوت ساڵە ئەم مەرزە داخراوە و کاسبکارانی باشور و رۆژهەڵات بەو هۆیەوە هەموومان بێکار بووین”.

محەمەد حسێن گەنجێکی دانیشتووی گوندی زەڵێیە بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت، ” زانکۆم تەواو کرد و هاتمەوە گوندی زەڵێ لەمەرزی قاسمەڕەش کاری حەمباڵیم دەکرد، بەو هۆیەوە بژێوی  ژیانم پەیدا دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی مەرزەکە داخرا  من و سەدان کەسی تر لەکرێکار و شۆفێر و خاوەن بارخانە بێکار بووین، ئەگەرچی داوامان کردووە، بەڵام تائێستا کەس نەهاتووە بە دەنگمانەوە”.

ئەبوبەکر بایز قایمقامی قەزای پشدەر لەبارەی هۆکاری داخرانی مەرزەکان بۆ 964 قسەیکرد وتی، “هەردوو مەرزی لاوەکی قاسمەڕەش و قندۆڵ لە ساڵی2017-وە ئەو کاتەی بەهۆی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان، وەک سزایەک لەلایەن عێراق و ئێران مەرزەکان داخران، لەو کاتەوە ئەو مەرزانە نەکراونەتەوە”.

قایمقامی قەزای پشدەر دەڵێت، “کردنەوەی مەرزەکان پێویستی بە رەزامەندی عێراق هەیە، ئەگەرچی لایەنی ئێرانی خواستی کردنەوەی هەیە، چەندینجار هەوڵمان داوە، بەڵام بێ ئەنجام بووە”.

مەرزی لاوەکی قاسمەڕەش لەگوندی زەڵێ نزیکی 25 کیلۆ مەتر لەسەنتەری شاری قەڵادزێ دوورە کەوتووەتە باکوری رۆژهەڵاتی قەڵادزێ، مەرزی قندۆڵ نزیکی 30 کیلۆمەتر لەسەنتەری شارەوە دوورە و کەوتووەتە باکوری رۆژئاوا‌ی قەڵادزێ.

لە نێوان هەرێمی  کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، جگە لە مەرزە فەرمییەکان 15 مەرزی لاوەکی هەن، ماوەی حەوت ساڵە سەرجەمیان داخراون و تا ئێستا نەکراونەتەوە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی