دوای گیانلەدەستدانی پریگۆژین

پوتین: پریگۆژین لێهاتوو بوو بەڵام هەڵەی گەورەی کرد

964+
ژووری هەواڵ

ڤلادمێر پوتین سەرۆکی روسیا دەڵێت، “پریگۆژین کەسێکی لێهاتوو و بزنسمانێکی ژیر بوو، بەڵام تووشی هەڵەی گەورەش بووەوە”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، پوتین لە پەیامێکدا بۆ رای گشتی ئەو قسانەی کرد، هەروەها سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خانەوادەی یاڤگنی پریگۆژین سەرۆکی گروپی ڤاگنەر کرد.

دەمەو ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، فڕۆکەیەک لە باکووری رووسیا کەوتەخوارەوە، پریگۆژین و نۆ کەسی دیکەی تیادابوو، هەموویان گیانیان لەدەستدا.

بەگوێرەی میدیاکانی رووسیا، لە کاتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە، ڤلادمێر پوتین سەرقاڵی ئاهەنگ گێڕان بووە بۆ یادی 80 ساڵەی سەرکەوتنی یەکێتی سۆڤیەت لە شەڕی کورسک بەسەر نازییەکاندا.

هەر دوێنێ چوارشەممە، کەمێک دوای رووداوەکە، چەناڵی Grey Zone لە تەلەگرام کە نزیکە لە گروپی ڤاگنەر نووسیبوی، “پریگۆژین لەلایەن خیانەتکارانی رووسیاوە کوژراوە”.

ڤاگنەر گروپێکی کەرتی تایبەتی سەربازی رووسیا بوو، زیاتر لە ساڵێک هاوشانی سوپای ئەو وڵاتە شەڕیان لەگەڵ ئۆکراینا کرد.

گروپەکە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە دژی ڤلادمێر پوتین هەڵگەڕانەوە و بەرەو مۆسکۆ رۆشتن، بەڵام دواتر کتوپڕ وەستان و کشانەوە.

لەو دوو مانگەی رابردوودا قسە و باسەکان جیاواز بوون لەسەر پریگۆژین، سەرەتا وادەزانرا لە بیلاروسیا دەژی، بەڵام دواتر دەرکەوت هاتوچۆی سانپترسبۆرگ دەکات لە رووسیا کە زێدی خۆیەتی.

بۆ ئەوەی بزانیت پریگۆژین و ڤاگنەر کێن، تەماشای خوارەوە بکە