قوتابخانە بنەڕەتییەکان دەتوانن باخچەی منداڵان بکەنەوە
964+
توانا نەقی
لەمەبەدوا قوتابخانەی بنەڕەتی بۆی هەیە باخچەی منداڵان بکاتەوە لە هەمان بینای قوتابخانە بۆ منداڵانی تەمەن چوار ساڵ و پێنج ساڵ.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی پەروەردەی هەرێم نوسراوێکی بە ژمارە 359ـی رێکەوتی 24.8.2023 ئاراستەی پەروەردەی سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم کردووە.
لە نوسراوەکەدا ئاماژە بە مەرجەکانی کردنەوەی باخچەی منداڵان لەناو قوتابخانە بنەڕەتییەکان کردووە، گرنگترینیان قوتابخانەکە شوێنی هەبێت و جیابکرێتەوە لە باخچەکە و ژووری هەبێت نەک کابینە.
دەوامی باخچەکە لە بازانەی یەکەم بێت ئەگەر دوو دەوامی بوو واتە دەوامی بەیانیان بێت، مامۆستای بنەڕەتی پێویست هەبێت و باشترە دەرچووی بەشی باخچەکان بێت.
هەروەها، هەمان بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەبێتە بەڕێوەبەری باخچەکەش و دەتوانێت یاریدەدرێک بۆ خۆی دەستنیشان بکات، ناوی قوتابخانە وەک خۆی دەمێنێتەوە و تەنیا ناوی باخچەی لەگەڵ دەبێت.
لە مەرجەکانی تردا هاتووە، وەرگرتنی منداڵ هەر بە پێی یاساکانی وەرگرتنی دەبێت لە باخچەکان، پرۆگرامی خوێندن هەمان پرۆگرامی باخچەکان دەبێت و مامۆستایانیش هەمان بەشە وانە وەردەگرن کە لە باخچەکان هەیانە.
نوسراوەکە بە واژۆی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە بڵاو بووەتەوە و پەروەردەکان دەتوانن کاری پێبکەن ئەگەر ژووری زیادەیان هەبێت.