بانكی عێراق بڕیاری نوێی له‌ باره‌ی مامه‌ڵه‌ی دۆلاره‌وه‌ ده‌ركرد

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

بانكی ناوەندیی عێراق بڕیاری اله‌ باره‌ی مامه‌ڵكردن به‌ دۆلاری ئه‌مریكی ده‌ركرد و نرخی دۆلاری بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ دیاریی كرد، كه‌ گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌ن.

بانكی ناوه‌ندیی عێراق بڕیاری دا هه‌ر 100 دۆلار بە بڕی 132 هەزار دینار بدرێتە سەرجەم ئەو كەسانەی گەشتی دەرەوەی وڵات دەكەن بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەكیان وەك (عمولە) لێ وەربگیرێت.

بە پێى نووسراوێكی بانكی ناوەندیی عێراق، كە واژۆی عەممار حەمەد خەڵەف جێگری پارێزگاری بانكەکەى لەسەرە، ئاماژە بەوە کراوە، فرۆشتنی دۆلار بە شێوەی كاش لە بانك و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو، تایبەت بەو كەسانەی گەشتی دەرەوەی وڵات دەكەن بە نرخی دیاریكراو دەبێت، كە 132 هەزار دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێك، نابێت بە هیچ شێوەیەك لەو بڕە پارەیە زیاتر وەربگیرێت.

بانكه‌كه‌ رایگه‌یاندووه‌، ئەو كۆمپانیایانەی ئاڵوگۆڕی دراو، كە كاری سەرەكییان كڕین و فرۆشتنی دراوی بیانییە، لە هەر دۆلارێك بڕی دوو دیناری عێراقی وەردەگرن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بە هەموو شێوەیەك وەرگرتنی (عمولە) لە كاتی فرۆشتنی دۆلاری كاش بە هاوڵاتیان، ئه‌وانه‌ی كە گەشت دەكەن، رێگەپێدراو نییە، ئەو بڕیارەش لە ئەمڕۆ سێشەممەوە جێبەجێ ده‌كرێت.

بە پێى بڕیارێکى پێشووى بانکى ناوەندیى عێراق هەر كەسێك گەشتی دەرەوەی وڵات بكات، دەتوانێت بڕی 3000 دۆلار بكڕێت، كه‌ بۆ هه‌ر 100 دۆلارێك بڕی 132 هه‌زار دینار دیاریی كراوه‌.