ئەمساڵ 75 هەزار مەتر شەقامەکانی کەلار قیرتاو کراون

964+

هونەر فارس- کەلار

دەستکراوە بە قیرتاوکردنی شەقامێکی دیکەی کەلار، بڕیارە لەم مانگەدا چوار شەقامی دیکەش قیرتاو بکرێت. سەرۆکی شارەوانی کەلاریش دەڵێت؛ ئەمساڵ 75 هەزار مەتر شەقامەکان قیرتاو کراون.

ئەمڕۆ سێشەممە 22.8.2023، جوتسایدی ئەندازیاران- رزگاری قیرتاو دەکرێت و بڕیارە بەم نزیکانە بە رووی شۆفێراندا بکرێتەوە.

شەقامەکە لە گەرەکی ئەندازیارانەوە و دەستپێدەکات و لە گەڕەکی ئاوارەکان کۆتای دێت، چوار گەڕەک و سێ شەقامی جوت سایدیش پێکەوە دەبەستێتەوە.

ئەکرەم ساڵح سەرۆکی شارەوانی کەلار، بۆ 964 وتی: لە سەرتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە 75 هەزار مەتر، شەقام لە کەلار قیرتاو کراون.

دەشڵێت: لە 10 رۆژی داهاتوودا چوار شەقامی سەرەکی بە رووی شۆفێراندا دەکرێتەوە، یەکێک لەو شەقامانە جوتسایدی ئەندازیاران- رزگاری، دەبێت.

964دەزانێت، جگە لە شەقامە لاوەکیەکان، سەرجەم شەقامەکانی سەنتەری شاری کەلار جوتسایدن و ئەوەشی لە پلانی شارەوانی و پێویستی شارەکەدا بێت دوای تەواوبوونی ئەو شەقامانەی کاری تێدا دەکرێت، تەنیا سێ شەقامی دیکەیە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق