داتای دەرچووانی ئامادەیی دەدرێتە وەزارەتی خوێندنی باڵا

964+

فەرمان سادق

هەفتەی داهاتوو وەزارەتی پەروەردە داتای دەرچووانی ئامادەییەکان دەداتە وەزارەتی خوێندنی باڵا.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە لە چەناڵی تایبەتی خۆی لە ڤایبەر، بڵاوی کردەوە کە رۆژی دووشەممەی داهاتوو 28.8.2023، داتای دەرچوانی ئامادەیی رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکەین.

پارساڵ وەزارەتی پەروەردە، داتاکانی لە 6.9. داتاکانی بە وەزارەتی خوێندنی باڵا دابوو.

بۆ ئەمساڵ،  117 هه‌زار و 364 قوتابی مافى به‌شداریان لە تاقیکردنەوەکان کرد، لەم ژمارەیەدا 75 هه‌زار و 239 قوتابی له‌به‌شی زانستى و 39 هه‌زار و 113 قوتابی له‌به‌شی وێژەیی و سێ هه‌زار و 12 قوتابیش له‌به‌شی پیشه‌یی.

لەم ژمارەیەدا 103 هەزار و 916 قوتابی بەشداریان لە هەموو تاقیکردنەوەکانی قۆناغی یەکەم و دووەم کردووە و 47 هەزار و 692 قوتابی قۆناغی 12ـی ئامادەیی بڕیوە کە رێژەی دەرچوون بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 دەکاتە 45,89%.

بەپێی قسەی وەزیری پەروەردە بێت، ئەوا دووشەممەی داهاتوو وەزارەتی پەروەردە داتای 47 هەزار و 692 قوتابی دەرچووی 12ـی ئامادەیی رادەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات.