لە کەرکوک هەر رۆژێک توندوتیژی بەرانبەر سێ ژن تۆماردەکرێت

964+

کاروان ساڵح – کەرکوک

بە وتەی پۆلیسی کەرکوک، لە سەرەتای 2022 تاوەکو ئێستا، هەزار و 245 حاڵەتی توندوتیژی بەرانبەر ژنان تۆمارکراوە.

ئەو ژمارەیە بە رێژەی ناوەندیی سێ ژن دەکات بۆ هەر رۆژێک، لە ماوەی 12 مانگی ئەمساڵدا.

ئەگەرچی ئەو ژمارەیە بەرزە، بەڵام بەراورد بە ئاماری ساڵی رابردوو کەمترە، لە 2021دا، زیاتر لە دوو هەزار توندوتیژی دژ بە ژنان لە کەرکوک تۆمارکرابوو.

 964+ ئەو داتایانەی لە سەرچاوەیەکی ئاگادار دەستکەوت لەناو پۆلیسی کەرکوک.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد، “لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بەهۆی رێکارە تەندروستییەکان، هاوڵاتیان لە ماڵەوە کەرەنتین کرابوون، بۆیە بەشی زۆری کێشە خێزانییەکان لەو کاتەدا بووە و رێژەی توندوتیژی زیاتر بووە”.

 توندوتیژییەکان جۆراوجۆرن، هەیانە گەیشتووەتە زەبری جەستەیی، هەیان دەروونی و هەروەها تێیدایە کە تەنیا هەڕەشەکردنە.

لەوبارەیەوە، رۆشنا شوان، توێژەری كۆمەڵایەتی بۆ 964+ی باسکرد، “لە ئێستادا رێژەی توندوتیژی دژ بە ژنان زۆرە، یەكێك لە بەربڵاوترین جۆری توندوتیژی هەڕەَشەكردنە لە رێگای تۆڕەکانی كۆمەڵایەتی، هەروەها باری دارایی خێزان بە هەمان شێوە وادەکات هەندێك كات بگاتە حاڵەتی توندوتیژی لە نێوان هاوسەرەكاندا”.

ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە داوا دەکات، ژنان لە بەرانبەر توندوتیژییەکان بێدەنگ نەبن، چونکە بێدەنگیی دەبێتە هۆی زیاتربوونی حاڵەتەکان.