یەکێک لەو بارهەڵگرانەی کە کەلوپەلە دزراوەکەی پاڵاوگەی بێجی گەڕاندەوە. وێنە: 964
پاڵاوگەی بێجی دەکەوێتەوە کار
964+
فەرمان سادق
دوای حەوت ساڵ لە تاڵانکردنی، کەرەستە دزراوەکان لە هەولێرەوە گەڕێندرانەوە و بڕیارە ساڵی داهاتوو پاڵاوگەی بێجی بکەوێتەوە کار.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد کە کەلوپەلە دزراوەکانی پاڵاوگەی بێجی بە هاوکاری هاوڵاتییەکی هەولێر گەڕێندرانەوە بۆ پاڵاوگەکە.
سودانی، هەفتەی رابردوو لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پیاوماقولان و پیاو چاکان و هۆزەکانی بێجی ئەوەی ئاشکراکرد و ئاماژەی بەوەدا گەڕانەوەی کەلوپەلەکە پێویستی بە 60 بۆ 100 بارهەڵگر هەیە.
پاڵاوگەی بێجی، لە تەمووزی 1978 دروستکراوە کە رۆژانە توانای پاڵاوتنی 310 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە و گەورەترین پاڵاوگەی عێراقە.
لە 14ـی حوزەیرانی 2014 لەلایەن رێکخراوی داعش داگیرکرا و لە 16ـی تشرینی یەکەمی 2015 لەلایەن سوپای عێراق ئازادکرایەوە.
لە ئۆپراسیۆنی ئازادکردنەوەی، زیانێکی زۆر بە پاڵاوگەکە کەوت و بووە هۆی لەکار کەوتنی، بەدوایدا بەشێكی زۆری کەلوپەلەکانی دزران، بەگوێرەی زانیارییە پشتڕاست نەکراوەکان بێت، لەلایەن بازرگانێکی کوردی هەولێر بە 300 ملیۆن دۆلار کڕاوەتەوە.
بۆ بەگەڕخستنەوەی، حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیایەکی قەتەری گرێبەستی کردووە و بڕیارە ساڵی 2024، ئەو بەشەی کە کارەبا بە غاز بەرهەمدەهێنێت بە توانای هەزار و 320 مێگاوات، هاوکات لەگەڵ کۆمپانیای سیمنسی ئەڵمانیش گرێبەست کراوە کە یەکەی دووەمی غازی بەرهەمهێنانی کارەبای بێجی بخاتەوە کار کە توانای سەروو هەزار مێگاوات کارەبای هەیە.
سەرۆک وەزیرانی عێراقی، لە کۆبوونەوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە کە بە گەڕانەوەی کەرەستە دزراوەکانی، پاڵاوگەی بێجی توانای 60%ـی کارکردن و بەرهەمهێنانی بۆ دەگەڕێتەوە.
محەمەد شیاع سودانی، باس لەوەشدەکات کە لە کاتێکی نزیکی داهاتوودا بە توانای پاڵاوتنی 150 بەرمیل دەکەوێتەوە کار.