سێ وەڵامی زانستی هەن

بۆچی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەریاکان مەترسیدارە؟

964+
ژووری هەواڵ

ئەمساڵ پلەی گەرمی زەریاکانیش هەروەکو ناوچە وشکانییەکانی سەر زەوی ریکۆردی هەموو داتا تۆمارکراوەکانی پێشووی شکاند، ئەمەش لەلایەن توێژەرانی بواری گۆڕانی ئاووهەوا وەکو زەنگی مەترسیدار لێکدرایەوە.

جارێ بەر لە هەموو شتێک، با بزانین زەریاکان گەیشتنە چەند پلەی گەرمی؟ دەزگای ئەوروپی کۆپەرنیکۆس تایبەت بە کۆڵینەوە لە ئاووهەوا دەڵێت، ئەم هاوینە بنی بنەوەی زەریاکان گەیشتووەتە 20.9 پلەی سیلیزی، کە ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی تۆمارکراوی گەرمادا رووبدات.

بەرگەهەوایەکی خنکێنەر
لەبەرئەوەی زەریاکان نزیکەی 71%ـی زەوییان پێکهێناوە هەربۆیە رۆڵێکی گەورەیان هەیە لە کۆنترۆڵکردنی کەشوهەوا. ئەگەر ئەوان گەرم بن، بەرگەهەوای زەویش گەرمتر دەبێت کاتێک کرداری بەهەڵمبوون روودەدات، هەروەها جەمسەرە سەهۆڵییەکان زووتر دەتوێنەوە.

قاتیبوونی ئۆکسجین
لەوانەیە باوەڕ نەکەیت، بەڵام زەریاکان نیوەی بڕی ئۆکسجینی سەر زەوی بەرهەمدەهێنن، ئەگەر بێت و گەرمتر ببن، ئەوا کاریگەری دەکاتە سەر ئەو ئۆکسجینەی رۆژانە مرۆڤ و باقی گیانەوەرانی دیکە پێویستیان پێیەتی. ئاوی گەرمتر یەکسانە بە گۆڕینی بڕی کەمتر لە دوانۆکسیدی کاربۆن بۆ ئۆکسجین، ئەمەش یانی زەریاکان ئۆکسجینی کەمتر بەرهەمدەهێنن.

چارەنووسی گیانەوەران
بەشێک لە توێژەران هەر لە ئێستاوە پێیانوایە سامانی ماسی لەسەر ئاستی جیهان کەمدەبێتەوە چونکە زۆرێکیان ناتوانن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ پلەی گەرمی بەرز، هەروەها پێدەچێت هەندێک لە گیانەوەرانی ناو ئاو، بۆ نمونە قرشەکان، زیاتر توندوتیژ ببن بەهۆی گەرماوە.

تەمموزی ئەمساڵ وەکو گەرمترین مانگ لە مێژووی تۆمارکراوی گەرما دیاریکرا، هەروەها ئەگەرچی هێشتا فەرمی نییە، بەڵام پێدەچێت ئەمساڵی 2023ش خەڵاتی گەرمترین ساڵ بباتەوە.