پێنج گەنجەکەی شیلادزێ ئازاد کران
+964
فەهمی نەبی
دوای دوو ساڵ و شەش مانگ، ئەو پێنج گەنجە چالاکوانەی بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی شیلادزێ دەستگیرکرابوون، ئەمڕۆ چوارشەممە ک ئازادکران.
“ئەگەرچی بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە ئەو گەنجانە ئازاد بکرێن، بەڵام، سێ رۆژ بەبێ هیچ پاساوێک ئەو چالاکوانانە لە زیندان راگیران، کەس و کاریان لەبەردەم ئاسایش تا درەنگانێک بەم سەرما و سۆڵە چاوەڕێ دەبوون” ئەمە قسەی بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی خۆبەشی زیندانیانی بادینان بوو.
تایبەت بە +964 : وتیشی: پەرلەمان و دەستەی مافی مرۆڤ هاتنە سەر خەت و وەفدییان نارد بۆ ئاسایش بەڵام بێ هیچ پاساوێک سێ رۆژ راگیران، ئەگەرچی دەبوو شەش مانگ بەر لە ئێستا ئازاد کرابان.
دکتۆر ناجی، باوکی مەحمود، یەکێک لە زیندانیکراوان، بە +964 راگەیاند: لە زیندانی ئاسایشی هەولێر پێمان وتراوە، نابێ لێدوان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بدەن.
هەر یەک لە ئەمجەد یوسف، مەحمود ناجی، یوسف شەریف، نێچیرڤان بەدیع، کوڤان تارق ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگ لە زیندان مانەوە، ئەوان بەپێی مادەی ١ی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ ی پەرلەمانی کوردستان لە ٨-١٢-٢٠٢٠ بە دوو ساڵ زیندانیکردن حوکمدرا بوون.
هەر پێنج گەنجەکە خەڵکی شیلادزێن، ئەوان لە چەند رۆژی جیاوازی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ لەگەڵ ٨١ چالاکوانی تر، لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکرابوون.