داواده‌كرێت لێخۆشبوونه‌كه‌ى بۆ كاره‌با هه‌موو هه‌رێم بگرێته‌وه‌

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

حكومه‌تى هه‌رێم لێخۆشبوونێكی بۆ هاوبه‌شانى كاره‌با به‌ رێژه‌ى 15% ده‌ركرد، كه‌ تیایدا پارێزگاكانى هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆكی گرته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا ده‌نگێك په‌یدا بووه‌و داواده‌كات ئه‌و لێخۆشبونه‌، ته‌و‌اوى هه‌رێمی كوردستان بگرێته‌وه‌.

رۆژى 12.6.2023 ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم بڕیاری داشكاندنى كاره‌باى به‌ رێژه‌ى 15%ـی بۆ پارێزگاى سلێمانى ده‌ركرد، رۆژى 15.8.2023 لێخۆشبوونى به‌هه‌مان رێژه‌ بۆ پارێزگاكانى دهۆك و هه‌ولێر راگه‌یاند، هه‌ردوو بڕیاره‌كه‌ش بۆ ماوه‌ى سێ مانگ ده‌گرێته‌وه‌.

كاسترۆ مه‌عروف، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، به‌ 964ـى وت، بابه‌تى لێخۆشبوونى كاره‌با ته‌نیا بۆ سلێمانى و دهۆك و هه‌ولێر ده‌ركراوه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌كانى گه‌رمیان و راپه‌ڕینى تێدا نییه‌.

وتیشی “داوامان كردوه‌ ئه‌و بڕیاره‌ سه‌رتاسه‌رى بێت و ته‌واوى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك یه‌ك بگرێته‌وه‌”.

ئاماژه‌ه‌ به‌وه‌شكرد، ناکرێت هاوڵاتیانی هیچ ناوچەیەک جیاوازی پێ بکرێت.

روونیشیكرده‌وه‌ “لە رێگای سەرۆکایەتی ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانییه‌وه‌، نوسراومان ئاڕاستەی وەزارەتی کارەبا کردوە بۆهەمان مەبەست”.