بایەعی 261 هەزار خێزانی دهۆک بووە ئەلیکترۆنی
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
فۆڕمی خۆراکی 261 هەزار و 96 خێزان لە پارێزگای دهۆک کراوە بە ئەلیکترۆنی، لەمەودوا ئەو خێزانانە پێویستیان بە فۆڕمە کاغەزەکە نابێت و زۆربەی خزمەتگوزارییەکانیان بە ئۆنلاین دەبێت.
لەدوای پارێزگای نەجەف، لە دهۆک زۆرترین خێزان فۆڕمە ئەلیکترۆنییەکەیان وەرگرتووە و رێژەکەی گەیشتووەتە 93 ٪.
لە پارێزگای دهۆک 50 بنکەی تۆمارکردنی گۆڕینی پسولەی خۆراک بۆ کارتی ئەلیکترۆنی هەیە.
بە پێی ئامارێک کە رۆژی سێشەممە 15.8.2023، لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، تەنیا 7٪ـی خەڵکی دهۆک فۆڕمە ئەلیکترۆنییەکەیان وەرنەگرتووە و لە پارێزگای کەرکوکیشدا 345 هەزار و 77 خێزان فۆڕمەکەیان بۆ کراوە بە ئەلیکترۆنی.
لە پارێزگای نەجەفدا فۆڕمی بەشەخۆراکی زۆرترین خێزان کراوە بە ئەلیکترۆنی و ژمارەکە گەیشتووەتە 364 هەزار و 594 خێزان.
لە پارێزگاکانی دهۆک، نەجەف، کەرکوک و بەغدا 65 هەزار و 730 ناو بەهۆی مردن لە لیستی بەشە خۆراکی مانگانە سڕدراونەتەوە و 34 هەزار و 107 کەسی دیکەش بە هۆی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات بلۆک کراون.
بە هۆی رێکارەکانی گۆڕینی پسولەی خۆراک لە کاغەزییەوە بۆ کارتی ئەلیکترۆنی، زیاتر لە سێ مانگە مامەڵەی زیادکردنی منداڵ و دەرهێنانی پسوڵەی خۆراک وەستاوە و بڕیارە ئەم کارە ئیدارییانە بکرێن بە ئەلیکترۆنی.