سیروانی نوێ 12ی هێنا و 13ی بەڕێکرد

+964
یادگار محەمەد – سلێمانی

یانەی وەرزشی سیروانی نوێ بۆ وەرزی نوێی خولی کوردستان خۆی نوێدەکاتەوە، 12 یاریزانی نوێی هێناوە و 13 یاریزانیشی بەڕێکردووە.

بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی خولی تۆپی پێ ی یانە پلە نایابەکانی کوردستان، یانەی سیروانی نوێ دەستی کردووە بە دروستکردنی پێکهاتەیەکی بەهێز، تا لە خولەکەدا ببنە ژمارەیەکی گەورە و رکابەری بکەن.
غەریب جەزا راهێنەری یانەی سیروانی نوێ بە 964ـی وت، دوای دەستبەکاربوونیان لەو ئەرکە و بۆ وەرزی نوێ خولی یانە پلە نایابەکانی کوردستان، هەوڵ دەدەن تیپێکی تۆکمە پێکبهێنن.
وتیشی، دەستیان بە دروستکردنی تیپەکە کردووە و گرێبەستیان لەگەڵ 12 یاریزان کردووە، بەڵام لە پلانیدایە گرنگیش بە ئاستی لاوان بدەن.

لە وەرزی 2021-2022 یانەی سیروانی نوێ نازناوی خولی کوردستانی بەدەستهێنا، بەڵام لە وەرزی رابردوو تیپەکە بە زەحمەت توانی لە خولی کوردستان بمێنێتەوە، بۆ وەرزی نوێیش جگە گرێبەستتی 12 یاریزانی نوێ، 5 یاریزانی لاویش سەرخراون بۆ ئاستی پێشکەوتووان، هەروەها دەستبەرداری 13 یاریزانیش بوون.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا