ته‌مه‌نى سه‌رووى 20 ساڵ بوو و ته‌سبێحێكى له‌ گیرفان بووه‌

964 زانیاری نوێ له‌سه‌ر تەرمەکەی شێخوەسانان ئاشكرا ده‌كات

964+

ئاکام غەفور – باليسان

سه‌رله‌بەیانی ئه‌مڕۆ 15.8.2023 بە دووری چوار کیلۆمەتر لە گوندی شێخ وەسانانی دۆلی بالیسانى سه‌ر به‌ قه‌زاى شه‌قڵاوه‌، تەرمێک لە ئەشکەوتێکی قول دۆزرایەوە.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ تەندروستی بالیسان، كه‌ تیمێكیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كان ته‌رمه‌كه‌یان هێنایه‌وه‌، بۆ 964 وتی، لەگەڵ تیمەکانی پۆلیس و ئاسایش چونەته‌ شوێنی رووداوەکە، تەرمێکی لێبوو کە بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆر لەوێ مابوەوە، پێدەچوو لە زستانی ساڵی رابردوەوە لەوێ بووبێت.

به‌ قسه‌ى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ “تەرمەکە تەنها ئێسک و جلی مابوو، نەمانتوانی بیناسینەوە، دوای هێنانە خوارەوەی تەرمەکەش بەڕێکراوە بۆ پزیشکی دادی هەولێر”.

ده‌شڵێت، تەرمەکە لە رەگەزی نێرە و تەمەنیشی سەرووی 20 ساڵ بوو.

شایه‌تحاڵێکیش کە لە شوێنی رووداوەکە بووه‌ بە 964ـی وت “تەرمەکە نزیکی شەش مەتر لە قوڵی ئەشکەوتەکە بوو، جلەکانی مابوو لەگەڵ ئێسکەکانی ئەوانیش بە تەواوی رەش بوبوون”.

وتیشی “لە گیرفانی جلەکانیدا تەنیا تەسبیحێکی تێدا بوو”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن