مانگێک کەمتری ماوە

ئەمساڵ 20 هەزار خوێندکار روو لە زانکۆ دەکەن

964
شۆڕش هەرکی — هەولێر

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین دەلێت، مانگی ئەیلولی ئەمساڵ وادەی خوێندنی 2023-2024 دەستپێدەکات.
کامەران یۆنس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بە 964ی وت: بەپێی ساڵنامەی خوێندن سێی ئەیلولی ئەمساڵ وادەی خوێندنی 2023-2024 دەستپێدەکات، بۆ ئەمساڵی خوێندن جگە لە قۆناغی یەکەم پێشوازی لە 20 هەزار خوێندکار دەکەین.
وتیشی: بڕیار نییە هیچ بەشێکی نوێ لە زانکۆکەماندا بکەینەوە، وەک ساڵی رابردوو دەبێت، تەنیا گۆڕانکاری لە راگر و یاریدەدەری بەشێکی زۆری کۆلیژەکان کراوە.
زانکۆی سەڵاحەدین لە ساڵی 1968 دامەزراوە و 15 کۆلێژی سەرەکی لەخۆدەگرێت، کە ئەمانەن، کۆلێژی زانست، ئاداب، ئەندازیاری، زمان، زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵیەکان، بەڕێوبردن و ئابووری، پەروەردە، یاسا، زانستە سیاسییەکان، پەروەردەی جەستەیی و وەرزشی، پەروەردەی بنەڕەتی، زانستە ئیسلامییەکان، هونەرەجوانەکان، پەروەردەی شەقڵاوە، پەروەردەی مەخمور.