هەولێر چارەسەری وشکبوونی پارکەکانی کرد
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
بۆ رێگرتن لە وشکبوونی پارک و باخچەکانی هەولێر بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکان دەڵێن، سوودمان لە ئاوی بەکارهاتوو وەرگرتووە.
دوو ساڵە بەهۆی وشکەساڵی ژمارەیەک لە بیرەکانی ناو پارک و باخچەکانی هەولێر وشکبوونە، ئەمەش وایکردووە بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکان لە رێگەی تانکەر و سوود وەرگرتن لە ئاوی بەکارهاتوو، پارکەکان ئاو بدەن.
لە سەنتەری شاری هەولێر 450 پارک و باخچە هەن، لەو ژمارەیە 20 پارکی گەورە هەیە
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەست 964 کەوتووە، لە حەوت مانگی رابردوودا زیاتر لە دوو ملیار لیتر ئاوی بەکارهاتووی ماڵان، دووبارە بەکارهاتووەتەوە بۆ ئاودانی پارک و باخچەکان و دارەکانی قەراخ شەقامەکان.
ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دەڵێت، هاتنی ئەم شەپۆلە گەرمایە هیچ پارک و باخچەیەکی شاری هەولێری وشک نەکردووە، بەڵام کەم ئاوی کێشەی ئاودانی دارەکانی زیادکردووە.
رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە 964ی وت: هاتنی ئەم شەپۆلەی گەرما، بێگۆمان زیانی بۆ ژینگە و باخچە و پارکەکان دەبێت، بەڵام بەڕادەی وشکبوون تا ئێستا نەبووە، چونکە خشتەی ئاودانی باشمان هەیە، هەرچەندە ئاودانەکە بەهۆی کەم ئاوی کەمبۆتەوە و تەنیا ئەو دارانەی لە دەرەوەی وڵات هێنراون و چاندراون، زەرد هەڵگەڕاون.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق