زاناکان سەریان سووڕماوە

مەریخ خێراتر لە جاران دەخولێتەوە

964+
ژووری هەواڵ

گالیسکەی InSight Mars lander چوار ساڵە ناسا بە مەبەستی رووپێوی هەڵیداوەتە سەر هەسارە سوورەکە (مەریخ)، لە چەند رۆژی رابردوودا، ئەم گالیسکەیە ئەرکەکەی کۆتاییهات و دوایین پەیامی ناردەوە سەر هەسارە شینەکە (زەوی).

گالیسکەکە ناسای ئاگادارکردەوە کە ئەو هەسارەیەی لێی میوانە خێراتر لە جاران دەخولێتەوە.

ئامێرەکە بۆی دەرکەوتووە، هەموو ساڵێک خێرایی خولانەوەی هەسارەی مەریخ زیاتر دەبێت و بەوەش شەوورۆژ بە رێژەی یەک لەسەر هەزاری چرکەیەک کورتتر دەبێتەوە.

هەڵبەتە هێشتا وەڵامێکی سەد لە سەد نییە کە ئایا هۆکاری ئەم گۆڕانە چییە؟ بەڵام توێژەرەکانی ناسا دەڵێن، بە ئەگەری زۆر مەسەلە توانەوەی جەمسەرە سەهۆڵی و بەفرینەکانی مەریخە، بەوە کێشی سووک دەبێت و تۆپەکە خێراتر دەخولێتەوە

چی لەسەر مەریخ دەزانیت؟

– تا ئێستا مرۆڤەکان توانیویانە خۆیان یان ئامێرەکانیان بنێرنە دوو شوێنی دیکەی جگە لە زەوی، ئەوانیش مانگ و مەریخن.

– شەش ئامێری مرۆڤەکان گەیشتونەتە سەر مەریخ کە پێنجیان ئەمریکین و یەکێکیان چینییە.

– لەم ساتەدا، 360 ملیۆن کیلۆمەتر لە زەوی دوورە (ھەردوکیان بە دەوری خۆر دەسوڕێنەوە، ھەربۆیە دوریی نێوانیان کەم و زیاد دەکات).

– نوێترین و خێراترین ئامێری مرۆڤەکان حەوت مانگی پێدەچێت تاوەکو دەیگاتێ.

– تاوەکو ئێستا یەکلانەبوەتەوە بۆ ژیانکردن دەبێت یان نا، بەڵام لەناو ھەسارەکانی دراوسێی زەوی، گونجاوترینیانە کاری لەسەر بکرێت.

– بە نزیکەیی ئەوە سەلمێندراوە کە پێشتر ئاوی لێبووە، چونکە شوێنی وشکبوونی چەندین رووبار دۆزراونەتەوە.

– کۆتا توێژینەوە دەڵێت، دەشێت ھێشتا ئاو یان پێکھاتەکانی ئاو، لە چینەکانی ژێرەوەی ئەو ھەسارەیە مابێت.

بۆ ئەوەیشی ئایا مەریخ دەبێتە ماڵی دوەمی مرۆڤەکان؟ جارێ نازانرێت بەڵام کات وەڵامدەداتەوە.