ساڵی 2022ـه و خانەقین بێ سینهمایه
964+
راژان ماجید – خانەقین
ڤیدیۆ
شارۆچكهی خانەقین لهگهڵ ئهوهی مێژوویەكی دێرینی لەگەڵ سینەمادا ههیه، بەڵام ئێستا بێ سینەمایە
هەر لە سەرەتای دروستبوون و بڵاو بوونەوەی سینەما لە عێراق، خانەقین وەك دووەم شار لە عێراق كە یەكەمیان بەغدا بووە سینەما تێیدا ههبووه.
هەندێك لە سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن لە ساڵی ١٨٩٥ بۆ یەكەم جار سینەما لەم شارەدا پهیدا بووه، كە ئەوكات بێ دەنگ بووە و لە لایەن هیندییەكانەوە بە شێوەی گەڕۆك لە خانەقین و چەند شارێكی دیكهدا دەركەوتووە، دواتر زۆری بەسەردا نەچووه و لە شارەكهدا هۆڵەكانی سینەما یەكیان بهدوای یهكدا دروست كراون، به جۆرێك لە ماوەیەكی كەمدا بووە خاوەنی شەش هۆڵی سینەما، كە ئەوانیش سینهماكانی (نەفتخانە، مەسفە، هیندی، بەلاش، خهزرا، نهسڕ)
سەربەست برزۆ رۆژنامەنووس و لێكۆڵەر لە مێژووی خانەقین باس لەوە دەكات ، سینەما لە شارەكهدا بە چەند هەنگاوێكدا تێپەڕیووە، كە یەكەمجار گەڕۆك بووە و پاشان براوەتە نێو هۆڵەكان و لەوێشدا سینەمای هاوینە و سینەمای زستانە دروست كراوە.
وتیشی، “ئەم فلیمانە لەوێدا نمایش دەكرا، كاریگەرییەكی راستەوخۆی لەسەر دانیشتووانی ئەوكات ههبووه و توانیویەتی ئاستی رۆشنبیریی كۆمەڵگه بەرزتر بكاتەوە لە رێگەی ئاشناكردنی لەگەڵ كلتوری كۆمەڵگهكانی دیكه.
جێی سهرنجه ئەمڕۆ خانەقین هیچ سینەمایەكی تێدا نەماوە و ئەوەی دەیبینی تەنیا دیوارە سەوزەكەی سینەمای سەوزە، كە ناسرابوو بە سینهما حهزرا.