لە پاڵەوانێتی جامی کۆماری سلێمانی و کەرکوک یەکسان بوون

+964

یادگار محەمەد – سلێمانی

لە پاڵەوانێتی تۆپی پێی جامی کۆماری عێراق، هەردوو هەڵبژاردەی سلێمانی و کەرکوک بە گۆڵێک یەکسان بوون.
رکابەرییەکانی جامی کۆماری عێراق بۆ هەڵبژاردەی پارێزگاکان دەستی پێکرد، هەڵبژاردەی سلێمانی لە یاریگای زانکۆ میوانداری کەرکوکی کرد.
هەر لەسەرەتاوە یاریزانانی هەردوولا هەوڵەکانیان بۆ تۆمارکردنی گۆڵ بوو، لە خولەکی 21 تیپی میوان توانیان لە رێگەی یاسین ستارەوە گۆڵی پێشکەوتن تۆماربکەن، بەڵام هاوکار جەمال تەنیا دوای سێ خولەک ئەنجامەکەی بۆ هەڵبژاردەی سلێمانی یەکسان کردەوە، هەرچەندە هەڵبژاردەی کەرکوک لێدانێکی سزای بۆ دروستبوو، بەڵام حسێن جەمال سەرکەوتوو نەبوو لە جێبەجێ کردنی و یارییەکەش بە گۆڵێک بۆ هەردوولا کۆتایی هات، بەپێی یاساکانی ئەم پاڵەوانێتییە و دوای یەکسانبوونی یارییەکەیان، هەردوو هەڵبژاردە بوونە خاوەنی دوو خاڵ، لە گەڕی دووەمی پاڵەوانێتییەکەش هەڵبژاردەی سلێمانی روو دەکاتە هەولێر بۆ رووبەروبونەوەی هەڵبژاردەی ئەو شارە و کەرکوکیش لە یاریگای خۆی میوانداری هەڵبژاردەی دهۆک دەکات.