کاسبکارانی دیانا داوای پۆلیسی هاتوچۆ دەکەن
964+
ئاسۆ وەرتی – سۆران
تا دێت ناو بازاڕی ناحیەی دیانا قەرەباڵغتر دەبێت و دوکاندار و کاسبکارانیش داوا دەکەن پۆلیسی هاتوچۆ زیاتر بکرێت بۆ رێکخستنەوەی ناو بازاڕی شارەکە.
ناحیەی دیانای سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، وەک زۆرینەی ناحیەکانی دیکەی کوردستان جوتسایدێکی پێدا تێدەپەڕێت کە هەم بازاڕی سەرەکی ناحیەکە و هەمیش رێبواران پێیدا تێدەپەڕن.
دوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی ئەو قەرەباڵغییە بۆ بوونی چێشتخانە زۆرەکان و زانکۆی سۆران و فەرمانگە حکومیەکانی دەگەڕێتەوە.
بە قسەی کاسبکار و دوکاندارانی ناحیەکە بێت، لە ئێواراندا قەرەباڵغییەکە زۆر زیاتر دەبێت و ئەمەش زۆرکات خنکانی شەقامەکەی لێدەکەوێتەوە و داوا دەکەن ژمارەی پۆلیسی هاتوچۆ زیاد بکرێت.
عەقید موحسین تەحیسن، وتەبێژی هاتوچۆی سۆران بە 964ـی وت،”پۆلیسی هاتوچۆمان لەناو بازاڕ هەیە و رۆژانە ئۆتۆمبێلی هاتوچۆ پێیدا تێپەڕ دەبێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەرەباڵغی ئێوارانی شەقامەکە، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێگەی زانکۆی سۆران و فەرمانگە حکومییەکانی دەکەوێتەسەر، زۆرجار ئاستەنگی هاتوچۆ دروست دەبێت”.
زیاتر وتیشی “بە فەرمی خەڵکەکە سەردانی نەکردووین بۆ زیادکردنی پۆلیسی هاتوچۆ، ئیدارەی ناحیەکەش ئەو داواکارییەیان پێشکەش نەکردووین بۆ ئەوەی ژمارەی پۆلیسی هاتوچۆ لە بازاڕەکە زیاد بکەین”.
ناحیهی دیانا، سهر به ئیدارهی سهربهخۆی سۆرانه و 22 گوندی بەسەرەوەیە، هاوکات ژمارەی دانیشتووانی 57 هەزار کەس زیاترە.
دیانا، ساڵی 1961 کراوە بە ناحیە و ئەوكات سەربە قەزای رواندز بوو.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق