10 ساڵە رێگای شارەزوور – دەربەندیخان تەواونەکراوە

964+
دیلان محەمەد جەزا

لە ساڵی 2013ـەوە دەستکراوە بە دروستکردنی پڕۆژەی دووسایدی شارەزوور – دەربەندیخان، بەڵام تا ئێستا تەواونەبووە و کۆمپانیای جێبەجێکار پڕۆژەکەی بەجێهێشتووە.

سالار ئەحمەد سەرۆکی شارەوانی قەزای شارەزوور بە 964ـی وت، پڕۆژەکە 40%ـی کارەکانی تەواو بووە، دەبوو دوو قۆناغ بێت، لە قۆناغی یەکەمدا دووسایدکردن لە شارەزوور تا گوندی چنارە، قۆناغی دووەم دروستکردنی دوو تونێل بوو بۆ گەیشتن بە دەربەندیخان.

نزیکەی 40 ملیار دینار تەرخانکرابوو بۆ پڕۆژەی دووسایدکردنەکە، بەڵام کۆمپانیاکە بەجێیهێشتووە و تەواوی نەکردووە، لە ئێستادا گرفتێکی یاسایی قورسی تێدایە.

بۆ قۆناغی دووەم دروستکردنی تونێلەکان پێویستی بە نزیکەی 150 ملیار دینار بوو، بەڵام نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە.

بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە گرفتی رێگەوبان چارەسەر دەبێت و رۆژانە هاوڵاتیان نابنە قوربانی رووداوەکانی هاتوچۆ، لەبەرئەوەی ئەو رێگایە دەچێتەوە سەر دەربەندیخان و کەلار و شارەکانی خوارەوەی عێراق.