دانەغاز: قازانجمان 25٪ دابەزیوە و هەوڵدەدەین شایستەکانمان لە هەرێم وەربگرین
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیای دانەغاز لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی 6٪ بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 9.8.2023، کۆمپانیای دانەغاز راپۆرتی نوێی دارایی کۆمپانیاکەی بۆ نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ماوەیەدا قازانجی کۆمپانیاکە 83 ملیۆن دۆلار بووە.
بە پێی راپۆرتەکە، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، قازانجی کۆمپانیاکە بەراورد بە قازانجی نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوو، بە رێژەی 25٪ دابەزیوە، بەو پێیەی لە نیوەی یەکەمی پار 111 ملیۆن دۆلار قازانجیان هەبووە.
“نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوو [2022]، نرخی نەوتی برێنت 107 دۆلار بووە، بەڵام نیوەی یەکەمی ئەمساڵ دابەزیوە بۆ 80 دۆلار”، دانەغاز وا دەڵێت.
هۆکارێکی دیکەی کەمکردنی قازانجی کۆمپانیاکە بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە، کە داشکاندنیان بۆ نرخی غازی کۆندێنسەیتی کۆمپانیاکەی کردووە، ئەو کاتەی کە بە لایەنی سێیەمی لە هەرێمی کوردستان فرۆشتووە.
لە بارەی پڕۆژەی پەرەپێدان و فراوانکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە بە بڕی 250 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە، کۆمپانیاکە دەڵێت، پێشبینیی دەکەن تا کۆتایی چارەگی دووەمی ساڵی 2024 تەواو ببێت.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا، دانەغاز دەڵێت، “هەرچەندە وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستاوە، بەڵام بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکەمان وەک پێشتر بەردەوام بووە، بەهۆی ئەوەی بەرهەمەکانیان لە ناوخۆدا بەکاردێت.”
لە راپۆرتەکەدا لێدوانێکی پاتریک ئالمان وارد، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز دانراوە کە دەڵێت، هەوڵدەدەن شایستە داراییەکانیان لە میسر و هەرێمی کوردستان وەربگرن و روویان کردووەتە کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان.