کافێیەک بە تەواوی سووتا 

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

کافێیەک لە زاخۆ بە تەواوەتی سووتا و لەگەڵ خۆیدا زیانی بە دوکاندارەکانی دراوسێشی گەیاندووە بەڵام زیانی گیانی نەبووە. خاوەنەکەشی دەڵێت: دڵنیام لەوەی هۆکارەکەی شۆرتی کارەبایە و زیانی 16 دەفتەر دۆلاری لێداوم.

کاتژمێر 2:15ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 8.8.2023، کافتریایەک لە زاخۆ گڕی گرت و سووتا، بەهۆی گەورەیی ئاگرەکەش زیانی بە دوکانەکانی دراوسێی خۆیشی گەیاندووە.

تیمەکانی بەرگری شارستانی تاوەکو کاتژمێر 4ـی بەیانی ئەمڕۆ سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بوون.

جەمال هەسن، بەرێوەبەری بەرگری شارستانی زاخۆ بە 964 وت: تا ئێستا هۆکاری ئاگرەکە نەزانراوە، وەک بەرگری شارستانی لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ ئەوەی هۆکاری ئاگرەکە بزانین.

“ئەگەر زوو فریا نەکەوتباین ئەوا ئاگرەکە زۆر زیاتر تەشەنەی دەکرد و زیانی زۆر زیاتر دەگەیاند بەر بیناو دوکانەکانەکانی تەنیشت کافیەکە دەگەیاند”.

روژهات ئیدریس، خاوەنی کافیەکە بە 964 وت “کاتژمێر یەکی شەو کافتریام داخست، دوای کاتژمێرێک بە تەلەفون ئاگادارکرام لەوەی کە کافێیەکەم سووتاوە و زیانی 15 بۆ 16 دەفتەر دۆلار زیانم پێگەیشتووە”.

دەشڵێت: بە تەئکید دەزانم شۆرتی کارەبا هۆکارەکەیە و پێشتر فەرمانگەی کارەبا و شارەوانی لەسەر مەترسی کارەبا لەسەر کافیەکەم ئاگاداریان کردبووم.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق